Şerife Çetin,Behlül Çetinkaya
30 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2020
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، بووە میوانی دێسکی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو و باسی لە بابەتەکانی رۆژەڤ کرد.
چاوشئۆغڵو، لە بارەی پێکدادانەکانی سەر سنووری ئەرمینیا و ئازەربایجان رایگەیاند: "ئەرمینیا بەم هێرشانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ژێرپێ دەخات و پێویستە وەڵامێکی ئەم پێشێلکارییە بدرێتەوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەم بارەیەوە چاو بە هەڵوێستەکانیاندا بخشێننەوە و گوتی: "ئازەربایجان لە خاکی خۆیدا خەبات دەکات. لە چ شوێنێکی جیهان داگیرکەر و داگیرکراو، هەمان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؟"
چاوشئۆغڵو رەخنەی توندیشی ئاراستەی پشتیوانییەکانی سەرکۆماری فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بۆ ئەرمینیا کرد و رایگەیاند: "نیشاننەدانی هاوسۆزی ماکرۆن بۆ خاکی ئازەربایجان و پشتیوانیکردنی لە ئەرمینیا بەمانای پشتگیریکردنی داگیرکاری دێت".
مەولود چاوشئۆغڵو پشتیوانی تورکیای بۆ ئازەربایجان دووپاتکردەوە و گوتی: "گوتومانە ئەگەر ئازەربایجان بیەوێت بەشێوەیەکی مەیدانی کێشەی داگیرکارییەکانی ئەرمینیا چارەسەر بکات، ئێمە پشتیوانی لێدەکەین".
لە لایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە جەختی لە پێشنیازی ئەنقەرە بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی هەرێمی بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کردەوە.