Önder Altınal
08 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2019
وان-AA
ئامادەکارییەکان بۆ ئەوەی ژەمی بەیانی وان بخرێتە نێو لیستی مەعنەوی میراسی کولتووری یونیسکۆ، دەستی پێکرد.
قاوەڵتی وان کە بە زیاتر لە ٢٠ جۆر خۆراکی دەشت و کێوەکانی ناوچەکە دەڕازێنرێتەوە لەوانە؛ پەنیری گیایی نێو دەشتودەرەکان، هەنگوینی شاخ، مورتوغا کە لە تێکەڵکردنی هێلکەو ئارد و کەرە دروست دەکرێت، حەلوای تایبەتی وان کە لە کەرەی ناوچەکە و گەنمی هاڕاو دروست دەکرێت یەکێکە لە سیما ناسراوەکانی شارەکە.
وەستاکانی شارەکە بەردەوام بە دەستڕەنگینیان قاوەڵتی وان ئامادە دەکەن لە چێشتخانەکانی شارەکە و لەو رێگەیەوە خزمەت بە گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی دەکەن، ئەمەش وای کردووە ئەو ژەمە خۆراکەی شارەکە لە جیهاندا ناسراوبێت.
قاوەڵتی وان لە ٢٠١٤دا و لە چالاکییەکدا بەناوی ''قەرەباڵغترین سفرەی قاوەڵتی جیهان'' ژمارەی پێوانەیی شکاند لە تاموچێژدا و بەوەیش چوویە نێو کتێبی گینس-ەوە، هاوکات لە هەنگاوێکدا بۆ بە مارکەکردنی ئەو سفرە جیاوازەی شاری وان لە لایەن دەزگای مارکەی تورکی (TPE)ەوە ناوی تۆمارکرا و بەڵگەی تۆماری مارکەی ژەمی بەیانی درا بەو ژەمە خۆراکییە بەسوود و پڕ چێژەی شاری وان کە بە قاوەڵتی وان ناسراوە.
لەئێستادا بەڕێوەبەرایەتی گەشتیاری و رۆشنبیری پارێزگای وان و زانکۆی وان یوزونجو یڵ دەستیانکردووە بە پرۆژەیەک تاکو ژەمی بەیانیانی وان (قاوەڵتی) وان بخرێتە نێو لیستی مەعنەویی میراسی یونیسکۆوە.
بەڕێوەبەری گەشتیاری و رۆشنبیری وان، موزەفەر ئاکتوغ لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە کارەکانیان بۆ ناساندنی قاوەڵتی وان بە تەواوی جیهان بەردەوامی هەیە و گوتی: ''کارەکانمان بەردەوامی هەیە تاکو تەواو قۆناغەکانی قاوەڵتییەکە بگەیەنین بە یونیسکۆ. تاکو لە لیستی مەعنەوی میراسی کولتووری یونیسکۆدا تۆمار بکرێت.
هەڵسورێنەرێکی چێشتخانەی ژەمی بەیانی وان بەناوی فارس گول بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەو هەنگاوە و گوتی: ''هەموو ساڵێک لە یەکەم هەفتەی حوزەیراندا رۆژێک دیاریدەکرێت وەک رۆژی ژەمی بەیانیان و لە شێوەی فێستیڤاڵ بەڕێوەدەچێت. ئەمەش زۆر گرنگە. لەم رێیەوە قاوەڵتی وان بە ناوخۆ و جیهان دەناسێنین. کە دواجار دەکرێت پاڵپشتییەکی باشی ئابووری بێت''.