Aziz Aslan,Aydın Arik
27 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2023
دیاربەکر-AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، عەلی یەرلیکایا رایگەیاند: "تا کۆتاییهاتنی تیرۆر بەدڵ و گیان بەردەوام دەبین لە خەبات. چونکە ئێمە بەڵێنی ریشەکێشکردنی تیرۆرمان بە ٨٥ ملیۆن هاووڵاتیی گەلە ئازیزەکەمان داوە".
عەلی یەرلیکایا و هاوسەرەکەی خەدیجە نوور یەرلیکایا، سەردانی دایکانی دیاربەکری کرد کە بۆ داواکردنی گەڕاندنەوەی جگەرگۆشەکانیان لە سێی ئەیلوولی ٢٠١٩ەوە لەبەردەم بینای سەرەکی هەدەپە ئێشکیان گرتووە.

خێزانە ئێشکگرەکان باسیان لە چۆنییەتی رفاندنی جگەرگۆشەکانیان کرد و کاردانەوەیان بەرامبەر هەدەپە و رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە نیشاندا.
- "سەری تیرۆر پاندەکەینەوە"
دوای سەردانەکەش یەرلیکایا لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئەم ئێشکگرییە سەرەتا لەلایەن هاجەرە ئاکارەوە دەستپێکراوە و لەسەر بانگەوازی ئەویش ٣٦٠ خێزان لە ٤٣ پارێزگای تورکیاوە بەشداریی ئێشکگرییەکەیان کرد، لە ماوەی چوار ساڵی ئێشکگرییەکەشدا ٤٢ خێزان بە جگەرگۆشەکانیان شادبوونەتەوە و چالاکییەکەش لەسەر ئاستی تورکیا و جیهان دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبووە.

دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند: "تا کۆتاییهاتنی تیرۆر بەدڵ و گیان بەردەوام دەبین لە خەبات. چونکە ئێمە بەڵێنی ریشەکێشکردنی تیرۆرمان بە ٨٥ ملیۆن هاووڵاتیی گەلە ئازیزەکەمان داوە. بەو هێزەی لە گەلەکەمانی وەردەگرین و بەڕابەرایەتی سەرکۆمارمان، هەموو پێکەوە سەری تیرۆر پاندەکەینەوە".
عەلی یەرلیکایا دەربارەی یەکڕیزی و برایەتی، رایگەیاند: "لێرەوە پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە هەموو خوشک و برایانی دیاربەکر، وڵاتەکەمان و تەواوی جیهانی ئیسلامیی دەکەم. خوای گەورە برایەتی و یەکڕیزیمان بەردەوام بکات. ئێمە هەمیشە ئێوەمان لە تەنیشت خۆمان بینیوە. لەگەڵ ئێوە پێکەوە بە پشتیوانی خوا بەردەوام دەبین لە رێبازەکەمان"