ئیستانبوڵ
سەركۆماری پێشووی توركیا عەبدوڵڵا گول لەبارەی كتێبێكی راوێژكارەكەی بەناوی ئەحمەد سەڤەرەوە هاتە دەنگ و رایگەیاند كە هەندێك لایەن خوازیارن دەرچواندنی كتێبەكە بە ئاراستەیەكی تردا بەرن و بۆ مەبەستی خۆیان بەكاری بهێنن.
دوای ئەوەی كە راوێژكاری پێشووی گول، ئەحمەد سەڤەر، كتێبێكی بەناوی "١٢ ساڵ لەگەڵ عەبدوڵڵا گول" دەركرد، چەندین مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا و هەندێك لایەن بە سەرەتای ئاشكرا كردنی ناكۆكیەكانی نێوان گول و سەركۆماری ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغانیان لێكدایەوە. هەندێكی دیكەش پێیان وایە كە كتێبەكە راستەوخۆ بە فەرمانی گول ئامادە كراوە.
لەو بارەیەوە گول راگەیەنراوێكی بڵاو كردۆتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە كە هەندێك لایەن وا لێك دەدەنەوە ناوبراو دەستی هەبوو بێت كە ئاراستە كردنی نووسەردا بۆ نووسینەوەی ئەو كتێبە و رایگەیاند "بەهیچ شێوەیەك هیچ جۆرە دەستێوەردانێكی لە نووسینەوەی ئەو كتێبەدا نەكردووە و بگرە حەزی بە دەركردنی كتێبێكی لەو چەشنەش نەبووە".
گول لە راگەیەنراوەكەیدا باس لەوە دەكات ئەو رێزێكی بێ پایانی هەیە بۆ ئازادی رادەربڕین و راشیگەیاندووە كە سەرلەبەری كتێبەكەی ئەحمەد سەڤەری خوێندۆتەوە و لەهەندێك شوێندا رێكخی خستۆتەوە.