تۆشهاڤن - AA
هەڵبژاردەی تورکیا بۆ تۆپی پێ لە میانی یاری شەشەمی کۆمەڵەی یەکەمی لیگی Cی خولی نەتەوەکانی ئەورووپادا، بە ئەنجامی ٢-١ لە بەرامبەر هەڵبژاردەی دوورگەکانی فارۆ، شکستی هێنا.
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی تورکیا لە شاری ئیستانبوڵ، رووبەڕووی هەڵبژاردەی لوکسەمبورگ بووەوە و یارییەکە بە ئەنجامی ٣-٣ کۆتایی هات، ئەمجارە هەڵبژاردەی تورکیا لە تۆشهاڤنی پایتەختی دوورگەکانی فارۆ، رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە بووەوە.
نیوەی یەکەمی یارییەکە بەبێ تۆمارکردنی هیچ گۆڵێک کۆتایی هات، بەڵام لە نیوەی دووەمدا یاریزانان داڤیدسەن و ئەدموندسۆن، دوو گۆڵیان بۆ هەڵبژاردەی دوورگەکانی فارۆ تۆمار کرد. لە بەرامبەریشدا یاریزان سەردار گورلەر گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی تورکیا تۆمار کرد و یارییەکە بە ئەنجامی ٢-١ کۆتایی هات.
بەم ئەنجامەش ژمارەی خاڵەکانی تورکیا لە ١٣ خاڵدا مایەوە، بەڵام پێگەی خۆی وەک پێشەنگی کۆمەڵەکە پاراست، هەڵبژاردەی دوورگەکانی فارۆ، ژمارەی خاڵەکانی بۆ هەشت خاڵ بەرزکردەوە و گەیشتە پلەی سێیەمی کۆمەڵەکە.
جێی ئاماژەیە سەردار گورلەر کە لە خولەکی ٨٩دا، گۆڵەکەی هەڵبژاردەی تورکیای تۆمار کرد، یەکەم جارە بە درێسی هەڵبژاردەکەوە گۆڵ تۆمار بکات.