Ekrem Payan
25 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2022
شرنەخ - AA
یانەی تۆپی بالەی جزیر کە نۆ ساڵ بەرلە ئێستا لە شاری جزیری سەربە پارێزگای شرنەخ باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا دامەزراوە، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە جامی چاڵنجی ئەورووپادا، نوێنەرایەتی تورکیا بکات.
ساڵی رابردوو، یانەی تۆپی بالەی جزیر لەسەر ئاستی یانە تورکییەکان پلەی شەشەمی بەدەست هێنا و بەمەش بووە خاوەنی مافی بەشداریکردن لە جامەکانی ئەورووپا.
هەفتەی رابردووش، یانەی جزیر لە یانەی کەی ڤی پێژای کۆسۆڤۆیی بردەوە و بووە پاڵەوانی جامی بەلقان.
بەم شێوەیەش یانەی جزیر، مافی بەشداریکردن لە جامی چاڵنجی ئەورووپای بەدەست هێنا و لەئێستادا، ئامادەکاری دەکات بۆ نوێنەرایەتی تورکیا لەو جامەدا.
سەرۆکی دەستەی بەڕێوبردنی یانەی تۆپی بالەی جزیر، سولەیمان چاغلی لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە یانەکەیان لە ماوەی نۆ ساڵدا، توانیویەتی سەرکەوتنی بەرچاو تۆمار بکات و ببێتە مایەی سەربەرزیی ناوچەکە، گوتیشی: "ئامانجمانە ئەم سەرکەوتنانە بەردەوام بن و هەموو ساڵێک لە پێنج یانە یەکەمەکەی تورکیا بین".
چاغلی ئاماژەی بەوەش دا کە هەماهەنگییەکی باشیان لەگەڵ خاوەنکار، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و لایەنە وەرزشییەکان ئەنجامداوە و گوتیشی: "لە وەرزی نوێدا، رووبەڕووی تیمەکانی وەک فەنەرباهچە، گالاتاسەرای، هاڵک بانک و زیراعەت بانک دەبینەوە کە بوودجەیەکی زەبەلاحییان هەیە. رەنگە لەم ناوچەیەدا تۆپی بالە زۆر ناسراو نەبێت، بەڵام ئێمە پێمانوایە کە توانیومانە بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە تۆپی بالە بناسێنین".
- هاووڵاتییانی جزیر خۆشحاڵن بەم سەرکەوتنانە
سەرۆکی گرووپی لایەنگرانی جزیری بۆتان، مەهمەت شوکرو کارابەرک پێیوایە یانەی جزیر لە ماوەی نۆ ساڵدا، توانیوبەتی سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکات و رایگەیاند: "لە رابردوودا کولتووری تایبەت بە تۆپی بالە لەم ناوچەیە نەبوو، بەڵام لەئێستادا سەرکەوتنی گەورە لە تۆپی بالە بەدەستدەهێنین. ئەمەش مایەی خۆشحاڵی و شانازیمانە. پشتیوانی تەواو لە یانەکەمان دەکەین".
عەلی ئەلچی کاسبکارێکی شاری جزیرە و باس لەوە دەکات کە لە دوای سەرکەوتنەکانی یانەی شارەکەیان لەئێستادا، هەمووان بە پەرۆشییەوە چاودێری یارییەکانی تۆپی بالە دەکەن و هیوادارن هەموو ساڵێک یانەی شارۆچکەکەیان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
مەهمەت گیونگەنچ هاووڵاتییەکی دیکەی شارەکەیە و بە شانازییەوە باس لە سەرکەوتنەکانی یانەی جزیر دەکات، دەشڵێت: "ئیدی ناوی جزیر نەک بە تەنها لەسەر ئاستی ناوچەکە بەڵکو لە هەموو جیهاندا دەناسرێت. جامی بەلقان-مان بەدەستهێنا. سوپاسی یانەی جزیر و دەستەی بەڕێوەبردنی دەکەم کە ئەم سەربەرزییەیان پێبەخشین".