Kasım İleri
08 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2022
واشنتۆن – AA
بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت كه ئیداره‌ی ئه‌مریكا به‌پێی به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌قامگیری ستراتیجی كه هه‌فته‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ رووسیا ئه‌نجامی ده‌دات داوا له مۆسكۆ ده‌كات هه‌ردوو وڵات بوونی سه‌ربازییان له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا كه‌م بكه‌نه‌وه.
ئیداره‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن له میانی كۆبوونه‌وه‌ی دیالۆگی ستراتیجی ئه‌مریكا و رووسیادا كه له ١٠ی ئه‌م مانگه له جنێڤ ئه‌نجام ده‌درێت چه‌ندین بابه‌تی وه‌ك هه‌بوونی سه‌ربازیی رووسیا و ئه‌مریكا له ئه‌ورووپا به چه‌كی ئه‌تۆمیشه‌وه له‌و كیشوه‌ره ده‌خاته به‌رباس.
NBCی ئه‌مریكی به پشتبه‌ستن به زانیارییه‌كانی به‌رپرسان و به‌رپرسانی پێشووی ئه‌مریكا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌مریكا دڵنیا نییه له‌وه‌ی كه مۆسكۆ له دانوستانه‌كاندا جیدییه یاخود نا و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یش كراوه كه ئه‌گه‌ر رووسیا جیدی بێت له دانوستانه‌كاندا ئه‌وا ئیداره‌ی بایدن داوا له رووسیا ده‌كات هه‌ردوو وڵات بوونی سه‌ربازی و مانۆڕه سه‌ربازییه‌كانیان له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا كه‌م بكه‌نه‌وه.
یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه كه نه‌یویستووه ناوی خۆی ئاشكرا بكات به NBC راگه‌یاندووه: "ئیداره(ی بایدن)، بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ رووسیا له كۆبوونه‌وه‌كاندا لیستێك بۆ ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك گۆڕانكاری له پێگه‌ی سه‌ربازی له ئه‌ورووپا ئاماده ده‌كات. ئه‌گه‌ر رووسیا ئاماده بێت بوونی سه‌ربازی خۆی له ناوچه‌كه كه‌م بكاته‌وه، ئه‌مریكایش ئاماده ده‌بێت هه‌نگاوی تایبه‌ت بنێت".
بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت ئه‌مریكا له دانوستانه‌كاندا پرسی ژماره‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریكا له پۆڵه‌ندا و وڵاتانی به‌ڵتیق، زانیاریدانی هه‌ردوو وڵات به یه‌كتر به‌ر له گواستنه‌وه‌ی هێز و ئه‌نجامدانی مانۆڕه‌كان و مووشه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی ئیسكه‌نده‌ر كه رووسیا له كالینینگراد جێگیری كردوون بخاته روو.
- وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكا ده‌نگۆكه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، نێد پرایس له هه‌ژماری فه‌رمیی خۆی له تویته‌ر هه‌واڵه‌كه‌ی NBC به‌درۆ خسته‌وه و نووسیوویه‌تی: "ئه‌و هه‌واڵه‌ی NBC كه گوایه ئیداره(ی بایدن) وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ رووسیا بژارده‌ی وه‌ك كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا ده‌خاته روو دووره له راستییه‌وه. له راستیدا وه‌ك ئه‌وه‌ی به روونی ئاماژه‌مان پێ داوه له ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی رووسیا جارێكی دیكه ئۆكراینا داگیر بكات وه‌ك هاوپه‌یمانانیان هاوبه‌شه‌كانمان له باڵی رۆژهه‌ڵاتی ناتۆ كه هه‌ست به به‌رپرسیارێتی پیرۆز ده‌كه‌ن به‌هێز ده‌كه‌ین".
كه‌مێك دوای ئه‌م تویته ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكاش ئه‌م ده‌نگۆیه‌ی ره‌ت كرده‌وه.
نزیكه‌ی ٧٠ هه‌زار سه‌ربازی ئه‌مریكی له ئه‌ورووپان كه شه‌ش هه‌زاریان له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌ورووپا جێگیر كراون.