Haydar Şahin
17 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 18 حوزەیران 2023
تاران-AA
ئێران و سعوودیە ئاشكرایانكرد، لەسەر دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی هاوبەشی سیاسی، ئابووری و سنوور رێككه‌وتوون و هاوڕابوون له‌باره‌ی گرنگی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی كردن به ماددەی هۆشبەر و بوارەکانی دیکە.
وەزیری دەرەوەی ئێران حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان و هاوتا سعوودییه‌كه‌ی، فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان کە لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمییدا، لە تارانە، كۆبوونه‌وه.
دوای کۆبوونەوەکە کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاند، هەردوو وەزیر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.
لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا عەبدوڵڵاهیان رایگەیاند، ئەو دانوستانانەی ئەمڕۆ ئەنجامیانداوه ته‌واوكه‌ری گفتوگۆكانی پێشوویانە لەگەڵ هاوتا سعوودییەکەی.
- ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌سه‌ری رێككه‌وتوون
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، وێڕای ئاماژەدان بەوەی لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە بابه‌تگه‌لێكی جۆراوجۆر کردووە، رایگه‌یاند: "هاوڕاین لەسەر دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی هاوبەشی سیاسی و ئابووری و سنوور، هه‌روه‌ها گرنگی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و بوارەکانی دیکە. دوای په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن دەسەڵاتە باڵاکانی هەردوو وڵاته‌وه، رێككه‌وتنه‌كان ده‌كه‌ونه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه".
حوسێن ئه‌میر عەبدوڵڵاهیان ئاشكرایكرد، ئەوان لەسەر په‌ره‌دان به هاوکارییەکان هاوڕابوون و ئاماژەی بەوەدا لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، هاوکاریی فرەلایەنەیان تاوتوێ کردووە.
عەبدوڵڵاهیان باسی له‌وه‌كرد، ئاسایشیان بە ته‌نها وه‌ك پرسێکی سەربازیی هه‌ڵنه‌سه‌نگاندووه، به‌ڵكو پێیان وایه ئاسایش چەمکێکه کە رەهەندی سیاسی، کولتووری، ئابووری و بازرگانی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە.
گوتیشی: "له کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشدا تیشکخرایە سەر پێویستی هاوکاریی ئابووری و بازرگانی درێژه‌پێدراو، هه‌روه‌ها پێویستیی وەبەرهێنانی هاوبەش بەتایبەت لە کەرتی تایبەتدا له هەردوو وڵات. هاوڕابووین لەسەر هاوکارییهكان لە بوارەکانی گواستنەوە، گەشتیاریی، تەکنەلۆجیا و بواره‌كانی دیکە".
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران باسی له‌وه‌شكرد راوێژیان سەبارەت بە پشتیوانییكردن لە گەلی فەڵەستین كردووه و گوتی: "كۆكبووین کە چارەسەرکردنی کێشەی فەڵه‌ستین پرسێکی بنەڕەتی و لە پێشینەیە لە روانگەی هاوبەشی جیهانی ئیسلامی و تاران و ریازدا".
حوسێن ئه‌میر عەبدوڵڵاهیان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ژماره‌یه‌ك پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، هه‌روه‌ها پێكدادانه‌كانی سوودانیان تاوتوێكردووه كه درێژه‌ی هه‌یه.
عەبدوڵڵاهیان وێڕای بیرهێنانەوەی ئەوەی سەد رۆژ بەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان هەردوو وڵات‌دا تێپەڕیوە، ئاشكرایكرد كاره‌كانی په‌یوه‌ست به رێکارە کارگێڕییەکان لەگەڵ باڵیۆزخانەکاندا بەردەوامە.
عەبدوڵڵاهیان سوپاسی حکوومەتی سعوودیه‌ی کرد بۆ هاوکارییهكانیان لە کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز، ئاماژەی بەوەشدا ئاسانکارییان بۆ ستافی دیپلۆماتی سعوودیە كردووه لە تاران و مەشهەد.
- "بەم زووانە باڵیۆزخانەکەمان لە تاران دەکرێتەوە"
لای خۆیه‌وه، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان خۆشحاڵی خۆی بە سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ تاران دەربڕی و ئاشكرایكرد، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ درێژەپێدهری دانوستانەکانی پێشووە.
فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان وێڕای بیرهێنانەوەی ئەوەی کە باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز كراوه‌ته‌وه، گوتی: "بەم نزیکانە باڵیۆزخانەکەمان لە تاران دەکرێتەوە. بابه‌تێكی گرنگە بۆ گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بۆ رەوتی ئاسایی. هەردوو وڵات لە ناوچەکەدا گرنگن".
بن فه‌رحان هیوای خواست هاریكاریی نێوان هەردوو وڵات زیاتر بێت و رایگه‌یاند: "هیوادارین ئاساییكردنه‌وه‌ی پەیوەندییەکان بۆ دۆخی ئاسایی، رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر جیهانی ئیسلامی و جیهان هەبێت".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "ئەمه (پەیوەندییانه) بە پابەندیی هه‌ردوو وڵات به هاریكاریی لە هه‌ریه‌ك له بواره‌كانی ئاسایشی ناوچەکە، گەشەپێدانی ئابووری، پەیوەندییە کولتوورییەکان و بوارەکانی دیکە بەردەوامە. هاریكاریی نێوان هەردوو وڵات لە بواره‌كانی ئاسایشی ناوچەکە، رێڕەوی دەریایی و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ، گرنگە".
- شا سەلمان سەركۆماری ئێران بانگهێشت ده‌كات بۆ سه‌ردانی سعوودیه
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه، وێڕای ئاماژەدان بەوەی لەگەڵ سەرکۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسیش کۆدەبێتەوە، ئاشكرایكرد بانگهێشته‌كه‌ی شای وڵاته‌كه‌ی، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز به ئیبراهیم ره‌ئیسی ده‌گه‌یه‌نێت.
دوای رێككه‌وتنی تاران و ریاز به نێوه‌ندگیری چین بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان، یەکەمجار بوو بەرپرسێکی باڵای سعوودیە سەردانی ئێران بکات.
دوایین سەردانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیە بۆ ئێران لە ساڵی ٢٠٠٦دا بوو، كاتێك وەزیری ئه‌وكاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه، سعوود فه‌یسه‌ڵ سه‌ردانی ئێرانی كردبوو.
- پێواژووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە
پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران، دوای ئه‌وه پچڕا كه له كانوونی دووه‌می ٢٠١٦دا سعوودیه ٤٧ کەسی له سێداره دا لە نێویاندا پیاوی ئایینی شیعه، نەمر نه‌مر، بە تۆمەتی "تیرۆر".
ریاز و تاران کە لە ساڵی ٢٠٢١دا بە میوانداریی عێراق و عومان دەستیان بە دانوستانەکان كردبوو، لە ١٠ی ئاداردا به‌نێوه‌ندگیریی بەرپرسانی چین لە پەکین، رێككه‌وتبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لە ماوەی دوو مانگدا پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان دەستپێبکەنەوە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و هاوتا سعوودییەکەی، فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان لە ٦ی نیساندا لە پەکین کۆببوونەوە و رێككه‌وتبوون لەسەر کردنەوەی باڵیۆزخانەکانی هه‌ردوو وڵات، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان و ئاسانکاریی له وەرگرتنی ڤیزه.
ئێران لە ٢٣ی ئایاردا بڵاویكرده‌وه، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاته‌كه‌ی، عەلی رەزا عینایەت، وەک باڵیۆزی ئێران له ریاز دەستنیشان کراوه. لە ٦ی حوزەیراندا باڵیۆزخانەی ئێران لە ریاز کرایەوە و لە ٨ی حوزەیرانیشدا کونسوڵخانەی وڵاته‌كه له جددە کرایەوە.