Raşa Evrensel
02 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2020
واشنتۆن - AA
کاندیدی پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند، ئەنجامی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای خۆی و هاوسەرەکەی کە بۆیان کراوە، نێگەتیڤ دەرچووە.
ئەم پشکنینەی کە بۆ بایدن و هاوسەرەکەی کرا و ئەنجامەکەی راگەیەنرا، دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی تووشبوونی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و هاوسەرەکەی، مەلانیا ترەمپ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هات.
بایدن لە تویتەر نووسیوویەتی "دەمەوێت پێتان رابگەیەنم کە ئەنجامی پشکنینی خۆم و هاوسەرەکەم جیل نێگەتیڤ دەرچوو، دەمەوێت سوپاسی هەموو لایەک بکەم بۆ نامەی بایەخپێدانیان".
بایدن هیوای ئەوەی خواستووە کە ئەمە بەبیرهێنانەوەیەک بێت بۆ هەمووان و نووسیوویەتی: "دەمامک ببەستن و پابەندی دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتی بن و دەستەکانتان بشۆن".
پشتر کاندیدی پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، جۆ بایدن لە تویتێکدا هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ رکابەرەکەی، دۆناڵد ترەمپ و هاوسەرەکەی، مەلانیا ترەمپ خۆاستبوو کە ئەمڕۆ تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ راگەیەنرا.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، بایدن و ترەمپ لە دیبەتێکدا رووبەڕووی یەکتر قسەیان کرد.
ئەمڕۆ هەینی، گەورە پەیامنێری پزیشکی لە تۆڕی سی ئێن ئێن، سانجای جوپتا رایگەیاندبوو کە پێویستە دەستبەجێ پشکنینی کۆرۆنا بۆ بایدن بکرێت بەهۆی ئەوەی لە کەسێکی تووشبوو بە ڤایرۆسەکە نزیک بووەتەوە.