Dildar Baykan Atalay
09 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2023
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو کە کوژرانی ژمارەیەک هاووڵاتیی فەڵەستینی لەنێویاندا ژن و منداڵی لێکەوتەوە، سەرکۆنە کرد .
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە ''سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە ئەمڕۆ (نۆی ئایار) لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کرایە سەر کەرتی غەززە و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی فەڵەستینی لێکەوتەوە کە ژن و منداڵیشیان لەنێودا بوو. ئەم جۆرە کردە قێزەونانە بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نین''.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە چاوەڕوان دەکرێت بەپەلە ئەم هێرشانە کۆتاییان پێ بێت بۆ ئەوەی زیانی گیانی زیاتریان لێ نەکەوێتەوە و نەبنە هۆی سەرهەڵدانی پێکدادانی نوێ و هاتووە؛ ''داوای لێخۆشبوون لە خودا بۆ خوشک و برایانی فەڵەستینیمان دەکەین، سەرەخۆشی لە دەوڵەت و گەلی فەڵەستین دەکەین''.
لە ئاکامی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی بۆسەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو لەلایەن سوپای ئیسرائیل و دەزگای ئاسایشی گشتیی ئیسرائیل (Shabak) کە بەرەبەیان ئەنجامیان دا، ١٣ کەس کوژران کە ژن و منداڵیشیان لەنێودا بوو و ٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
لەنێو ئەو کەسانەی لەو پەلامارانەدا کوژراون، سێ سەرکردەی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی هەن.