Hawkar Yaseen
26 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل بەشداریکرد لە هەڵبژاردنی کێبڕکێی وێنەی ساڵی ئاژانسی ئانادۆڵودا و سێ وێنەی لە هەرسێ بەشی پێشبڕکێکەدا هەڵبژارد.
لە بەشی کێبڕکێی وێنەی هەواڵدا، وێنەیەکی فۆتۆگرافەر (عارف خوداوەردی یامان)ی هەڵبژارد بەناونیشانی (گفتوگۆکردن لەگەڵ نابیستێکدا) کە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیستانبوڵ گیراوە، کە باس لە مامەڵەی کارمەند و پزیشک پەرستاران دەکات لەگەڵ نەخۆشانی تووشبووی کۆرۆنا.
دەربارەی هەڵبژاردنی ئەو وێنەیە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جووتیار عادل گوتی: "لەبەرئەوە ئەو وێنەیە سەرنجی راکێشام و هەڵمبژارد، کۆرۆنا کە ڤایرۆسێکی جیهانی بوو هەموو دنیا گیرۆدەی بوو ئەم مرۆڤانە بە ماندوێتییەکی زۆر و بە لەخۆبوردوویی مرۆڤایەتیان دەپاراست، ئەمە بۆ من سەرنجراکێش بوو بۆیە ئەو وێنەیەم دەستنیشانکرد".
لەبەشی کێبڕکێی وێنەی ژیاندا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەنگی بە وێنەی فۆتۆگرافەر (مەهمەت کوجاغز) داوە بە ناونیشانی ("فندک" خوێندکاری نوێی پۆل) کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا گیراوە.
دەربارەی هەڵبژاردنی ئەم وێنەیە، جووتیار عادل گوتی: "بەبینینی من قوتابخانە واتە ژیان، لە قوتابخانەوە هەنگاوەکانی ژیان دەستپێدەکات، کاتێک ئەم وێنەیەم بینی جوانییەکانی ژیانم بینی، کە ئەو ئاژەڵەشم بینی لەناوپۆلدا دانیشتووە لەپاڵ منداڵەکاندا پێمسەرنجراکیش بوو چونکە بەبڕوای من ئاژەڵیش بەشێکە لە ژیان".
جووتیار عادل لەبەشی پێشبڕکێی وێنەی وەرزشی وێنەیەکی فۆتۆگرافەر (ئەرچین ئەرتورک)ی هەڵبژارد کە لە ئەنقەرە گیراوە و رۆژی یەکی ئایار بڵاوکراوەتەوە بەناونیشانی (مەشق و راهێنان لە ماڵەوە).
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی هەڵبژاردنی ئەم وێنە گوتی "دیمەنی نێو وێنەکە وەرزشکردن لە ماڵەوە ئەمەش لێکەوتەکانی کۆرۆنا بوو، وایکرد کە هەموو شوێنێک دابخرێت و ناچاربین لە ماڵەوە بمێنینەوە، ئەم وێنەیە مانای ئەوەی بەخشی کە سەرباری ناخۆشییەکان ناکرێت ژیان بووەستێت، ئەمان سوودیان لەو دەرفەتە وەرگرتووە کە لە ماڵەوەن خێزانەکە پێکەوە کۆبوونەتەوە پێکەوە چالاکییەکانی ژیان بەڕێدەکەن".
کێبڕکێی ساڵانەی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ هەڵبژاردنی وێنەی ساڵی فۆتۆگرافەر و پەیامنێرەکانی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٢دا دەستیپێکرد، مەراسیمی تایبەت بە هەڵبژاردنی "وێنەی ساڵ"ی رێکخست، ئەمساڵیش ئاژانسی ئانادۆڵو ٧٦ وێنەی جوگرافیا جیاجیاکانی جیهانی خستە دەنگدانەوە و بەگوێرەی دەنگەکان وێنەی ساڵ دیاریی دەکرێت.
لە کێبڕکێی کولتووری "وێنەی ساڵ"دا، ٣١ وێنەی تایبەت بە هەواڵ، ٣٠ وێنەی تایبەت بە ژیان و ١٥ وێنەی تایبەت بە بواری وەرزش هەن.
ساڵی رابردوو، ٢٧٩ کەس بەشداری کێبڕکێکەیان کردبوو و کێبڕکێکەش تا ٣١ی کانوونی یەکەم بەردەوام بووبوو.