Mehmet Akif Turan
20 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2023
تونس – AA
سەرۆکی بزووتنەوەی نەهزە لە تونس، راشد غەنوشی دوای ٤٨ کاتژمێر لە دەستگیرکردنی، دەستبەسەر کرا.
دوای ئەوەی کاتی بەربانگی ١٧ی نیسان هێزە ئەمنییەکان هەڵیان کوتایە سەر ماڵی غەنوشی و دەستگیریان کرد، دوای ٤٨ کاتژمێر لە لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لە داواکاری گشتی، ئێوارەی دوێنێ رەوانەی دادگای بەرایی تونس کرا و دادگایش بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکرد.
ئەندامی بزووتنەوەی نەهزە، پارێزەر حەبیب بن سیزوم لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردەوە کە لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەدا جگە لە غەنوشی ١١ کەسی دیکەیشی تیادایە و دۆسیەکە لەبارەی "گەلەکۆمەکی لە دژی ئاسایشی دەوڵەت"ە.
جگە لە راشد غەنوشی هەریەک لە کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەکە محەمەد ئەلکومانی و بیلقاسم حەسەن لە میانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەدا دەستگیر کراون و هەمان دادگا بڕیاریشی داوە شەش ئەندامی بزووتنەوەی نەهزە بەبێ دەستبەسەرکردن دادگایی بکرێن.
لە بەرامبەر دەستگیرکردنی غەنوشی-دا، بزووتنەوەی نەهزە و بەشێک لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کاردانەوەی توندی نیشان دا و بەشێکیان بارەگاکانیان لە تونسی پایتەخت داخست.
هێشتا لایەنە فەرمییەکان هیچ لێدوانێکیان نەداوە لەبارەی ئەوەی غەنوشی بۆچی دەستگیر کراوە.