Mohamad Majed Mustafa Haboush,Ali Semerci
18 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2024
غەززە - AA
لە دوای نزیکەی چوار مانگ، دووەمین کاروانی هاوکاری مرۆیی لە ڕێگەی شەقامی سەڵاحەددین کە باشوور و باکووری کەرتی غەززە بەیەکەوە گرێدەدات گەیشتە باکووری کەرتەکە.
بەپێی ئەو زانیارییەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە دەستیکەوتووە، سوپای ئیسرائیل ڕێگەیداوە بە چوونە ناوەوەی هاوکاری مرۆیی سنووردار بۆ باکووری غەزز کە ناحیەکانی جەبالیە، بەیت حانون و بەیت لاحیە لەخۆدەگرێت و لە نۆ بارهەڵگر پێکهاتووە.
هاوکاریە مرۆییەکان کە پێکهاتبوو لە ئارد و برنج و خواردنی لە قووتوونرا و بە هاریکاریی لەگەڵ هۆزە فەڵەستینییەکان و پاسەوانی دەزگای ئاسایشی حکوومەتی غەززە گەیەندرایە کەمپی پەنابەرانی جەبالیا، لە کۆگاکانی سەربە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کاروباری پەنابەرانی فەڵەستین لە ڕۆژهەڵاتی نزیک (UNRWA) دانران.
بەرەی ناوخۆ کە لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە دامەزراوە و سەربە حکوومەتە و چاودێری پێشهاتەکانی جەنگی غەززە دەکات، دوێنێ لە ڕاگەیاندراوێکیدا بلاویکردەوە کە ١٢ بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی گەیشتووەتە باکووری کەرتی غەززە.
دوێنێ ئاژانسی UNRWA بە هاریکاری لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سەربە حکوومەتی غەززە و هۆزە فەڵەستینییەکان یەکەم هاوکاری دابەش کرد.
لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردووەوە تا ئێستا هیچ هاوکارییەک بە باکووری کەرتی غەززە نەگەیەندراوە، بەو هۆیەوەشە برسێتییەکی زۆر بەرۆکی دانیشتوانەکەی گرتبوو، بەپێی دوایین ئامار، ٢٧ کەس لەبەر برسێتی و تونێتی گیانیان لەدەستداوە.