Muhammet Ali Kemal
16 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2017
لاهای- AA
پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، مارک روتێ، بە بردنەوەی 33 کورسی پەرلەمانی، توانی هەڵبژاردنە گشتییەکانی هۆڵەندا بباتەوە و پارتی ئازادی کە پارتێکی راستڕەوی توندئاژۆیە و دژایەتی ئیسلام و بیانییەکان دەکات، دووەم بوو. سەرەڕای ئەوەی مارک روتێ بەو بردنەوە یەکێتیی ئەورووپای خۆشحاڵ کرد، بەڵام لەچاوی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2012دا کە 41 کورسی بەدەستهێنابوو، ژمارەی کورسییەکانی دابەزاند.
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە گشتییەکەی هۆڵەندا، حکوومەتێکی هاوپەیمانیی کە لانیکەم 4 پارت بەشداریی تێدابکەن، پێکدەهێنرێت.
بەپێی دوایین راپرسییەکان، تێبینی ئەوە دەکرێت دەنگەکانی پارتەکەی مارک روتێ دوای هەڵوێستە ئابڕووبەرانەکەیان دژی وەزیرەکانی حکوومەتی تورکیا و گوتارە توندە راستڕەوانەکانیان، زیادیکردووە و بە بەدەستهێنانی 33 کورسی پەرلەمان، پلەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانیان بەدەستهێنا.
لەپلەی دووەمیشدا پارتی ئازادی بە سەرۆکایەتی گێرت ویڵدەرسی راستڕەوی توندئاژۆ ، بە بەدەستهێنانی 20 کورسی دێت. لەکاتێکدا پارتەکەی ویڵدەرس لە هەڵبژاردنەکەی 2012دا توانیبووی 15 کورسی بەدەست بهێنێت.
گێرت ویڵدەرس لە لێدوانێکدا رایگەیاند ''دەمویست بەسەر روتێدا سەرکەوم، بەڵام بەداخەوە کە نەتوانرا. بەروونی ئەوە دەڵێم کە چاوەڕوانی دەنگی زۆر زیاتر بووم و دەکرا زیاتر بێت''.
ویڵدەرس ئاماژەی بەوەشکرد دەستکەوتیان هەیە لەوەی ژمارەی پەرلەمانتارەکانیان بەرزکردووەتەوە و گوتی: ''ئەگەر پێشنیارمان بۆ بکرێت، ئەوا کراوەین بەڕووی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی هاوپەیمانێتیدا و ئامادەین. ئارەزوومەندین لە حکوومەتدا بین، بەڵام ئەگەر ئەوەش روونەدات ئەوا لەقۆناغی داهاتوودا، بە توندییەکی زیاترەوە ئۆپۆزسیۆن دەبین. روتێ هێشتا رزگاری نەبووە لەدەستم''.