Sümeyye Dilara Dinçer,Can Efesoy
19 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2025
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی ڕایگەیاند: "دەمەوێت (سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد) ترەمپیش زیاتر لەگەڵمان بێت. زۆرێک لە کۆمارییخوازەکان و دیموکراتەکان پشتگیریمان دەکەن. نامەوێت پشتگیری لەدەستبدەم".
دوێنێ پێش جێهێشتنی تورکیا، سەرۆکی ئۆکراینا زێلێنسکی لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئەنقەرە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.
زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە دروستکردنی پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ ڕووسیا بڕیاری ئەمریکا خۆیەتی و، ڕایگەیاند: "چاودێری ئەوە دەکەین کە پوتینیان لە گۆشەگیری سیاسیی دەرهێناوە، بەڵام ئەمە بڕیاری ئەوانە و، گفتوگۆی لەسەر دەکەن".
زێلێنسکی ڕەخنەی لەوە گرت ئۆکراینا لەو دانوستانانەدا نییە کە دەکرێن بۆ کۆتاییهێنانی جەنگ و، ڕایگەیاند: "کاتێک پێمان دەگوترێت ئەمانە پلانی ئێمەن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئەمە پرسیارمان لا دروست دەکات. ئێمە لە کوێداین؟ لە کوێی مێزی ئەم دانوستانەداین؟ ئەم جەنگە لە ناو ئۆکراینادا دەگوزەرێت. پوتین ئۆکراینییەکان دەکوژێت، نەک ئەمریکی و ئەورووپییەکان، ئۆکراینییەکان دەمرن".

هەروەها زێلێنسکی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەبێ ئۆکراینا ناتوانرێت دانوستان بکرێت و، گوتی: "ئێوە دەتوانن گفتوگۆ لەسەر ئەوەی دەخوازن بکەن، بەڵام ئێمە بەشێوەیەکی ڕوون دەیڵێین کە قبوڵی ناکەین بەبێ ئێمە گفتوگۆ دەربارەمان بکەن.
زێلێنسکی ئەوەیشی خستەڕوو کە پێیوایە ئەمریکا لە پاڵ ئۆکراینادایە و، گوتی: "دەمەوێت بەڕێز (سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد) ترەمپیش زیاتر لەگەڵمان بێت. زۆرێک لە کۆمارییخوازەکان و دیموکراتەکان پشتگیریمان دەکەن. بێگومان نامەوێت پشتگیری لەدەستبدەم".
سەرۆکی ئۆکراینا زێلێنسکی تیشکی خستە سەر ئەوەی دەخوازن ترەمپ بەڵێنەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بباتە سەر و، باسی لەوە کرد کە چاودێری قۆناغەکە دەکەن.
زێلێنسکی باسی لەوەیش کرد کە ئەگەر ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکراینا ڕزگار بکرێن و یەدەگەکانی سەرچاوە سروشتییەکان پارێزران، ئەوا کراوەن بەڕووی وەبەرهێناندا و، ڕایگەیاند: "ئێمە نامانەوێت بۆ هیچ کیشوەرێک ببینە ناوەندی ماددەی خاو. لێرەدا دۆست و هاوبەش فاکتەری نابێت. لە دەستوورەکەماندا نووسراوە، منیش وەک سەرۆک نامەوێت دەستوور پێشێل بکەم. من خاک و بەرژەوەندییەکانمان دەپارێزم".