Omar Alothmani
25 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2023
ئیستانبوڵ – AA
ئاژانسی ھەواڵیی "سانا" سەربە رژێمی ئەسەد بڵاوی کردەوە کە لە ھێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆسەر ژمارەیەک خاڵی سەربازیی لە پارێزگای دەرعا باشووری سووریا، ھەشت سەرباز کوژراون و حەوتی دیکەیش برینداربوون.
ئاژانسەکە لە سەرچاوەیەکی سەربازی ھێزەکانی ڕژێم بڵاوی کردووەتەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ھێرشیان کردووەتەوە سەر ژمارەیەک خاڵی سەربازیی لە گوندەوارەکانی دەرعا.
بە گوتەی سەرچاوەکە لە ئاکامی ھێرشەکەدا، ھەشت سەربازی کوژراون و حەوتی دیکەیش برینداربوون.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" پشتڕاستی کردووەتەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ھێرشیان کردووەتە سەر ژێرخانی سەربازیی لە دەرعا، ئەوەیش وەک کاردانەوەیەک لە ھەمبەر ئەو مووشەک و گولـلە ھاوەنانەی کە لە خاکی سووریاوە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن.
دوێنێ سێشەممە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە لە خاکی سووریاوە، دوو مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراون و لە وەڵامی ئەوەدا، ئەو ناوچەیە لە سووریا کە مووشەکەکانی لێوەی ئاراستە کرابوون، لەلایەن تۆپخانەکانی ئیسرائیلەوە، بۆردومان کراوە.
لای خۆیەوە رۆژنامەی یەدیعوت ئەحرنوت بڵاوی کردبوویەوە کە میلیشیاکانی سەربە ئێران لە ناوچەی دەرعاوە، دوو مووشەکیان ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلان کردووە.