Ramal Mahmood
09 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2017
واشنتۆن – AA
لە ئاکامی هێرشی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆسەر بینایەک لە پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا کە دەنگۆی ئەوە هەیە سەربە ئەلقاعیدە بووبێت، ١١ چەکداری سەربەو رێکخراوە کوژران.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، جێف داڤیس راگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا هاتووە "لە ئاکامی دوو هێرشی ئاسمانی بۆسەر بینایەکی کۆبوونەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکرا سەربە ئەلقاعیدە بێت لە سێ و چواری ئەم مانگەدا ١١چەکداری ئەو رێکخراوە کوژران کە لەنێویاندا ئەبو هانی ئەلمیسری هەیە کە باس لەوە دەکرێت ناوبراو پەیوەندی هەبووە لەگەڵ ئەیمەن ئەلزەواهیری و ئوسامە بن لادن".
راگەیەنراوەکەی داڤیس لەبارەی ئەبو هانییەوە نووسیوویەتی: "ئەلمیسری مەشق و راهێنانی بەهەزاران تیرۆریست کردووە و رەوانەی ناوچە جیا جیاکانی جیهانی کردوون. رۆڵی گرنگی گێڕاوە لە زۆرێک لە بنکە و بارەگاکانی ئەلقاعیدە لە هەردوو دەیەی هەشتا و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە ئەفغانستان. هەروەها ئەو یەکێکە لە دامەرزێنەرانی جیهادی ئیسلامی کە یەکەمین گرووپی سوننی بووە کە چەکدارەکانی بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی کردەی خۆکوژی".
داڤیس بەبیری هێناوەتەوە کا تاکو ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانیان زۆر شوێنی کۆبوونەوەی ئەو رێکخراوەیان بۆردومان کردووە و رایگەیاندووە "بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان بۆ پێشگرتن لەوەی تیرۆریستان سووریا بکەنە پەناگەی خۆیان".