Muhammet Ali Kemal
09 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2017
واشنتۆن- AA
گوتەبێژ لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ئێریک پاهۆن وێرای ئاماژەدان بەوەی لەنێوان تورکیا و وڵاتەکەیدا سەبارەت بەسووریا پەیوەندییەک هەیە کە بەئاراستەیەکی باش لەبەرەوپێشچووندایە، گوتیشی: ''ئێمە تورکیای هاوپەیمانمان وەک هاوبەشێکی گرنگ تەماشا دەکەین''.
ئێریک پاهۆن کە یەکێکە لە گوتەبێژەکانی فەرماندەیی هێزە ناوەندییەکانی ئەمریکا، لە روونکردنەوەیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی ئەوەی کرد کە ماوەیەکی دوور و درێژە کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەنێوان بەرپرسانی ئەمریکا و تورکیادا سەبارەت بەپاککردنەوەی سووریا لە داعش و بەتایبەت لە ئەلباب هەیە، گوتیشی: ''ئەوەی جێگەی باسە ئەوەیە ئاستی ئەو هاریکارییەی نێوان هەردوو وڵات بەتایبەت لە ئەلباب و لەماوەی رابردوودا، بەرز بووەتەوە و هەرلەبەر ئەوەش سەبارەت بەسووریا پەیوەندییەک کە بەئاراستەیەکی باش لەبەرەوپێشچووندایە، لەنێوانماندا هەیە''.
ئێریک پاهۆن باسی لەوەکرد کە بەرزبوونەوەی ئاستی هاریکارییەکان هاوتەریبە لەگەڵ ''ئەو کۆبوونەوانەی چەندین مانگە لەنێوان هەردوولادا درێژەیان هەیە'' و لەبەرامبەر ئەوەشدا کە پێشتر واشنتۆن نەیویستبوو تورکیا بەرەو ئەلباب بچێت، پشتیوانییکردنی ئەمریکا لەو هێزانەی کە بەهاوکاریی تورکیا لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەدان، نیشانەی ئەوەیە کە پەیوەندییەکان بەئاراستەیەکی باش لە بەرەوپێشچووندان.
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن راشیگەیاند ''ئێمە تورکیای هاوپەیمانمان وەک هاوبەشێکی گرنگ تەماشا دەکەین. ئەو کۆبوونەوانەش (کۆبوونەوەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا کە بەردەوامییان هەیە) بوونەتە مایەی ئەوەی زۆرتر و باشتر پشتیوانیی پێشکەشی هێزەکانی سوپای تورکیا بکەین''.
ئێریک پاهۆن لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە ئایا دەستبەکاربوونی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کاریگەریی لەسەر ئەو بەرەوپێشچوونە ئەرێنییە هەیە یان نا، خۆی دزییەوە و، سەبارەت بەداواکارییەکەی کۆشکی سپی لە پنتاگۆن بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێک لە ماوەی 30 رۆژدا لەبارەی چاوخشاندنەوە بەستراتیجییەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش و پێشکەشکردن و خستنەڕووی بژاردە نوێیەکان، رایگەیاند ''لەو راپۆرتەدا هەر ستراتیجییەتێک ببێتە جێگەی باس، بەدڵنیاییەوە تورکیا لەو ستراتیجییەتەدا بوونی دەبێت چونکە هاوبەشێکە کە بەرەنگاری داعش دەبێتەوە. بەڵام لە ئێستادا پلانێک نییە ئامادەکرابێت و رابگەیەنرێت''.
ناوبراو جەختی لەوەکردەوە هیچ زانیارییەکی سەبارەت بەو راپۆرتە نییە کە داواکراوە پێنتاگۆن لە ماوەی 30 رۆژدا بیخاتە بەردەست دۆناڵد ترەمپ، بەڵام ئاشکرای کرد کە ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ تورکیادا ئەنجامدەدرێن، رۆڵیان لە ئامادەکردنی راپۆرتەکەدا دەبێت.
تورکیا ماوەیەکی درێژە رەخنە لە هاوکارییکردنی پەیەدە/یەپەگە بەبیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش لەلایەن ئەمریکاوە، دەگرێت.
لەچەند هەفتەی رابردوودا پێدانی ئۆتۆمبیلی زرێپۆش لەلایەن ئەمریکاوە بەهێزەکانی سووریای دیموکرات کە لەلایەن پەیەدە/پەکەکەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، ببووە مایەی گرژیی زیاتر لەنێوان ئەنقەرە و واشنتۆندا. بەڵام پنتاگۆن ئاماژەی بەوەکردبوو کە ئۆتۆمبیلەکان دراونەتە باڵی هاوپەیمانیی عەرەبی سووریا کە سەربەهێزەکانی سووریای دیموکراتە و بڕیارەکەش لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباماوە دراوە.
لە ئێستادا چاوەڕوان دەکرێت ستراتیجییەتی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بەپەیەدە/پەکەکە لە سووریا ببینرێت دوای ئەوەی ناوبراو لە 20ی کانوونی دووەمدا پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکای لەلایەن باراک ئۆباماوە رادەستکرا.