Ömer Tuğrul Çam,Şenhan Bolelli
29 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2022
مەدرید - AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ لە لووتکەی ناتۆدا بڕیارگەلێکی مێژوویی دەدرێت وەک بانگهێشتکردنی سوید و فینلاند بۆ ئەندامێتی هاوپەیمانییەکە، پەسەندکردنی بەڵگەی چەمکی ستراتیجی نوێ، بەهێزکردنی پێکهاتەی رێگرییکردن و بەرگریی ناتۆدا و زیادکردنی پشتیوانییەکانی ئۆکراینا.
پێش دانیشتنی کردنەوەی لووتکەی ناتۆ کە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا سازدەکرێت، ستۆڵتنبێرگ بۆ رۆژنامەنووسان دووا.
ستۆڵتنبێرگ بە گوتنی ''ئەمڕۆ بڕیارگەلێکی مێژوویی دەردەکەین''، ئاماژەی بەوە کرد بەڵگەی چەمکی ستراتیجی نوێ دەگۆڕن کە دوایین جار لە ٢٠٢٠دا لە لووتکەی لیزبۆن پەسەند کرا.
یانس ستۆڵتنبێرگ باسی لەوە کرد کە لە بەڵگەی ئەو کاتەدا بە تاکە وشەیەکیش باس لە چین نەکراوە و، رووسیا وەک هاوبەشێکی ستراتیجی دانراوە، بەڵام لە بەڵگەکەی ئەمڕۆدا دەبینرێت کە رووسیا راستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناتۆ و چین ئاڵنگاری دروست کردووە بەرامبەر بەها و بەرژەوەندییەکانی ناتۆ.
سکرتێری گشتیی ناتۆ ستۆڵتنبێرگ، باسی لەوەیش کرد کە پێکهاتەی رێگرییکردن و بەرگریی بەهێزدەکرێت. یەکەی زیاتری سەربازی ئامادە پێکدەهێندرێت و ئامادەکاری پێداویستیە سەربازییەکان کە پێشتر جێگیرکراون.
ستۆڵتنبێرگ ئەوەشی خستەڕوو کە چاوەڕوانن ساڵی ئایندە هێزی ئامادەی باڵا کە لە ٣٠٠ هەزار سەرباز پێکدێت ئامادە بێت و، رایگەیاند: ''ئەو یەکانە لە ولاتەکانی خۆیاندا لە ئامادەباشیدا دەبن. تێچوویشیان لەلایەن وڵاتانی جیاوازی هاوپەیمانیەکەوە دابین دەکرێت''.
- بڕیاری بانگهێشتکردنی سوید و فینلاند
هەروەها ستۆڵتنبێرگ باسی لەوە کرد کە لە پاش واژووکردنی یاداشتنامە سێ قۆڵیەکەی دوێنێی تورکیا، فینلاند و سوید ئەمڕۆ بڕیار دەدرێت لەبارەی بانگهێنشتکردنی سوید و فینلاند بۆ ئەندامێتیی لە ناتۆ.
ستۆڵتنبێرگ باسی لەوەیش کرد کە لە لووتکەکەی ئەمڕۆی ناتۆدا رێککەوتن دەکرێت لەسەر پاکێجی پشتیوانی گشتگیر لەبارەی پێداویستیە سەربازییەکانی ئۆکراینا و، گفتوگۆ لەسەر زۆر بابەتی وەک بەشکردنی بەرپرسیارێتی، گۆڕانکاری کەشوهەوا و ئاسایشی سایبەر دەکرێت و بڕیاریان لەسەر دەدرێت.