Davit Kachkachishvili
14 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 16 شوبات 2025
کیێڤ - AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی بڵاویکردەوە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە تورکیا لەگەڵ سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆدەبێتەوە.
لە پەراوێزی ٦١هەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، زێلێنسکی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ساز کرد و، باسی لە بەرنامەی سەردانەکەی بۆ دەرەوەی وڵات کرد کە بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامی بدات.
زێلێنسکی ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی ئیمارات دەکات و، لەوێ چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات سەبارەت بە پرسی ئاڵوگۆڕی دیل لە چوارچێوەی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و، بەرنامەکانی هاوکاری مرۆییدا.
سەرۆکی ئۆکراینا زێلێنسکی باسی لەوە کرد کە دوای ئیمارات سەردانی سعوودیە دەکات و، پاشان بەمەبەستی ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوەی فەڕمی سەردانی تورکیا دەکات.
زێلێنسکی ئەوەیشی خستەڕوو کە لە تورکیا لەگەڵ سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆدەبێتەوە.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی باسی لەوەیش کرد کە دوای سەردانەکانی پلانی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا و ڕووسیا دانەناوە.