Zana Natık Kerem
04 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2024
ھەولێر – AA
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ئەو تەقینەوە تیرۆریستییانەی کە دوێنێ چوارشەممە لە پارێزگای کرمان باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران ھاووڵاتیانی مەدەنییان کردە ئامانج، سەرکۆنە دەکەن و ئاماژەی بەوەداوە کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئەستۆ بگرێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، تەقینەوە تیرۆریستییەکانی پارێزگای کرمان کە ھاووڵاتییانی مەدەنییان کردە ئامانج سەرکۆنە دەکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی حکوومەتی ئێران و کەسوکاری قوربانییانی تەقینەوەکان کردووە، ھەروەھا ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانیش خواستووە.
ڕاشیگەیاندووە کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئەستۆ بگرێت و ئاماژەی بەوەشداوە کە بەھەموو شێوەیەک تیرۆر و توندئاژۆیی ڕەت دەکەنەوە.
دوێنێ چوارشەممە لە پارێزگای کرمان باشووری ڕۆژھەڵاتی ئێران، لە میانی بەڕێوەچوونی چوارھەمین ساڵیادی کوژرانی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی دوو تەقینەوە لەسەر ئەو ڕێگایە ڕوویاندا کە بەرەو گۆڕستانەکە دەچن.
بەپێی دوایین ئامار لە ئاکامی تەقینەوەکاندا، ٩٥ کەس کوژران و ٢١١ کەسی دیکەش برینداربوون.