Omar Alothmani
04 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2024
ئیستانبوڵ ــ AA
حکوومەتی غەززە ڕایگەیاند کە سوپای ئیسرائیل لە میانی سێ ڕۆژدا، شەش کۆمەڵکوژی دژبە فەڵەستینییەکان لە ژمارەیەک ناوچەی کەرتی غەززە ئەنجامداوە کە لە ئاکامدا، ٣١ کەس کوژراون.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەربە حکوومەتی غەززە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "سوپای ئیسرائیلی داگیرکار لە میانی سێ ڕۆژدا، شەش کۆمەڵکوژی دیکەی لە ژمارەیەک ناوچەی پارێزگای ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە ئەنجامداوە کە لە ئاکامدا، ٣١ کەس کوژراون".
ڕاشیگەیاندووە: "ئەو کۆمەڵکوژییەی کە خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە ڕووبەڕووی بوونەتەوە، وەک پەڵەیەکی شەرمەزاری بەنێوچەوانی وڵاتانی دەمێنێتەوە، چونکە لەھەمبەر ئەو کۆمەڵکوژییە بێ دەنگن".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە کومەڵگای نێودەوڵەتی کراوە، ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دژبە خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدرێن، بوەستێنن.
دوێنێ چوارشەممە وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاندبوو کە ژمارەی قوربانییانی ھێرشەکانی ئێسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، گەیشتووەتە ٢٢ ھەزار و ٣١٣ کوژراو و ٥٧ ھەزار و ٢٩٦ بریندار.