Zana Natık Kerem
25 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2018
غەززە ــ AA
سێ خاڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، بۆردومانکران بێ ئەوەی ھیچ زیانێکیان لێبکەوێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە شاھید حاڵەکانەوە دەستیکەوتووە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانییدا، سێ خاڵی سەربازیی سەر بە کەتائیبەکانی عزەددین قەسام باڵی سەربازیی حەماس لە کەرتی غەززە بۆردومانکردووە.
بەگوتەی شاھید حاڵەکان، سەرەتا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، خاڵی قادسیە لە نێوان ھەردوو پارێزگای خان یونس و رەفح باشووری کەرتی غەززە، دواتر خاڵێکی دیکەیان لە باکووری کەرتی غەززە بۆردومانکردووە.
ھەروەھا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، خاڵێکی دیکەی کەتائیبەکانی عەزەددین قەسام-یان لە رۆژئاوای شاری خان یونس باشووری کەرتی غەززە بۆردومانکردووە.
ھاوکات سەرچاوە پزیشکییەکانی فەڵەستین رایانگەیاندووە کە ھیچ زیانێکی گیانی لە بۆردومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، نەکەوتووەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، مووشەکێک لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.
لە تویتێکدا، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیخای ئەدرئی رایگەیاند، مووشەکێک لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیل کرا، بەڵام لە لایەن سیستەمی بەرگری مووشەکی ئیسرائیل تێکشکێندرا.