Gülbin Yıldırım,Ramal Abdullah Mahmood
14 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2017
واشنتۆن – AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا" پڕۆژە یاسای کەمکردنەوەی باج دەبێتە یاسا.
دۆناڵد ترەمپ لە میانی گوتارێکدا کە لە کۆشکی سپی پێشکەشی کرد، گوتی: "تەنها چەند رۆژێکی ماوە بۆ هێنانە دی ئەو بەڵێنەی کە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بە ئەمریکییەکانم دابوو بۆ کەمکردنەوەی باج".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە بۆ جەژنی کرێسمیس دەیەوێت باج بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا ئەم پڕۆژە یاسایە پەسەند دەکرێت و دەبێتە یاسا، بەمجۆرەش خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەشی ئەمریکییەکان دەکرێت و دەستکەوتی زیاتریان بۆ دەگەڕێتەوە.
دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر لیستی پارتی کۆماری زۆر نزیکبوونەتەوە لەسەر رێککەوتن لەبارەی پڕۆژە یاسای هاوبەشی باج، بانگەشەی ئەوەیشی کرد تەنها بە هۆکاری سیاسی دیموکراتەکان دژ بە پڕۆژە یاساکە دەوەستنەوە.
دوێنێ ژمارەیەک لە میدیاکانی ئەمریکا دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە نوێنەرانی پارتی کۆماری لە پرۆسەی لێکتێگەیشتن لەسەر پڕۆژە یاساکە لەسەر ئەوە رێککەوتوون رێژەی پێدانی باجی دامەزراوەکان لە سەدا ٣٥ەوە بۆ لە سەدا ٢١ کەمبکەنەوە.
چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەیاسای باجی هاوبەش رۆژی هەینی رابگەیەنرێت و هەفتەی داهاتوو دەنگدانی لەسەر بکرێت. لە ئەگەری پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە لە لایەن کۆنگرێس، وەک دوا قۆناغ بە مەبەستی واژوو لەسەرکردن ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەکرێت.