Kasım İleri
11 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2021
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس بە ئاماژەکردن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و تورکیا رایگەیاند ''لەبارەی کاری لەپێشینەی هاوبەشەوە لە هاریکاریداین و وەک هەموو هاوپەیمانەکانمان لە دیالۆگداین لەبارەی ناکۆکییەکان''.
نێد پرایس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی تورکیا، باسی لەوە کرد کە تورکیا هاوبەشێکی دێرین و بەهاداری ناتۆیە و گوتی:
''لەگەڵ تورکیادا زۆر بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە وەک کۆتاییهێنان بە جەنگی سووریا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاککردنەوەی نیازە خراپەکان لە ناوچەکە. لەبارەی کاری لەپێشینەی هاوبەشیشەوە لە هاریکاریداین و وەک هەموو هاوپەیمانەکانمان لە دیالۆگداین لەبارەی ناکۆکییەکان. وەک پێشتر گوتم لە کاتێکدا ئەنقەرە پابەندە بە هاوپەیمانی ئەتڵەنتیک لەگەڵ تورکیادا بەرژەوەندیەکان دەپارێزین، دەتوانین پەیوەست بمێنین بە بەهاکانمانەوە وەک مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا''.
نێد پرایس لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی ئایا سەبارەت بە S-400 لەگەڵ تورکیادا دۆخێکی وەک ''مۆدێلی گریت'' دەبێت یان نا گوتی: ''هەڵوێستمان سەبارەت بە S-400 نەگۆڕاوە''.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها باسی لەوە کرد کە وەزیری دەرەوە، ئەنتۆنی بلینکن لە رۆژانی داهاتوودا پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئەنجامدەدات.
نێد پرایس هەروەها ئەو هێرشەی سەرکۆنە کرد کە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئەبها باشووری خۆرئاوای سعوودیە و دووپاتیکردەوە کە ئەمریکا پابەندە بە بەڵێنی بەرگرییکردن لە سعوودیە.