Adam Abu-bashal
03 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2021
ئەبوجا - AA
لە نێجیریا رۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا، زیاتر لە ١٠ ملیۆن ئاوارە، رووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی نیشتمانیی پەنابەران، ئاوارە و کۆچبەران لە نێجیریا، ئیمان سلێمان ئیبراهیم لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە زیاتر لە ١٠ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی ئەو وڵاتە، رووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە.
ئیمان سلێمان ئیبراهیم ئاسایشی خۆراکی بە تەحەدایەکی جیهانی ناوزەندووە کرد و باسی لەوە کردووە کە بەمەبەستی بەپەلە دابینکردنی پێداویستیەکانی لێقەوماوان، حکوومەت پڕۆژەیەکی نوێ دەست پێ دەکات بۆ دەست گەیشتن بە خۆراک و ماددە ناخۆراکییەکان.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی نیشتمانیی پەنابەران، ئاوارە و کۆچبەران لە نێجیریا، ئیمان سلێمان ئیبراهیم هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوامی ناکۆکییە نەژادی، ئایینی و ناوخۆییەکانی وڵات، بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی نەبوونی ئاسایشی خۆراک و رایگەیاندووە ''ئەم تەحەدایانە بوونەتە هۆی زیادبوونی شڵەژاوی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و سیاسیی لە وڵاتدا و بەشێوەیەکی بەرچاو کار دەکەنە سەر ژنان، گەنجان، ئاوارەکان، کۆچبەران، پەنابەران و بەساڵاچوان''.
بەهۆی ناکۆکی لەسەر زەویوزار لە باکووری نێجیریا ناو بە ناو پێکدادانی توند لەنێوان فولانییەکان کە سەرقاڵى ئاژەڵدارین و ژمارەیەک هۆزی دیکە روو دەدات کە سەرقاڵی کشتوکاڵن.