Heman Hussein Yaseen
24 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کرد لە وەزیری دادی لوبنان، دادوەر ھنری خوری و شاندی یاوەری.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە لە دیدارەکەدا کە وەزیری دادی ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، تیشکخراوەتە سەر سیستەم و دۆخی دەسەڵاتی دادوەریی، دادگاکان، لێکچوونیان لە لوبنان و عێراق، ھەرێمی کوردستان و بواری ھاریکاریی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی لوبنان و عێراق و سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی یەکتر خراوەتە بەر باس، ھەروەھا جەخت کراوەتەوە لە گرنگیی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و ھەردوولا ھاوڕابوون کە سەربەخۆیی دادوەریی بنەمای دەوڵەتدارییە.
راشیگەیاندووە کە دوایین پێشھاتە سیاسیی و ئەمنییەکانی عێراق و لوبنان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بووە و لەمبارەیەوە شاندی لوبنانی پوختەیەکیان دەربارەی ھەوڵەکانی حکوومەتی لوبنان بۆ تێپەڕاندنی دۆخی سەختی ئێستای ئابووریی وڵاتەکە و قەیرانەکان خستووەتەڕوو، ھەروەھا باسیان لە دەسپێشخەرییەکی کۆمکاری عەرەبی بۆ پشتیوانییکردنی دەسەڵاتی دادوەریی لوبنانی لە دۆخی ئێستایدا کردووە.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە نێچیرڤان بارزانی سەردانی شاندەکەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان بە گرنگ لە قەڵەم داوە و ھیوای خواستووە، ھاریکاریی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لوبنان لە بواری دادوەریدا پتەوتر بکرێت و ئاماژەی بە رۆڵی رەوەندی لوبنانی لە ھەرێمی کوردستان کردووە بەتایبەتیش لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و بانکداریدا.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە ھەرێمی کوردستان و لوبنان و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بووە.
شاندەکەی لوبنان پێکھاتبوون لە سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی لوبنان، یاریدەدەری ئەمنیداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی و ژمارەیەک لە راوێژکاران کە بە بانگھێشتێک بۆ بەشداری لە یادی رۆژی دادوەریی عێراقدا، سەردانی بەغدایان کردبوو.