Wassim Samih Seifeddine,Muhammed Semiz
03 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2020
بەیروت - AA
بەرپرسێکی حکوومەتی لوبنان کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، باسی لەوە کرد وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ناسیف حیتی بڕیای دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەشی سەرۆکوەزیران حەسەن دیاب کردوە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشدا کە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی حیتی بڕیاری کۆتاییە و هیچ ئەگەرێکی رەتکردنەوەی نییە.
هەرچەندە تا ئێستا وەزیری دەرەوەی لوبنان لە بارەی دەستلەکارکێشانەوەکەی هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە بەڵام چاوەڕێدەکرێت لەو بارەیەوە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز بکات.
جێی وەبیرهێنانەوەیە وڵاتی لوبنان بەهۆی بوونی ئایین و مەزهەبی جیاواز تیایدا دووچاری رەوشێکی سیاسی ئاڵۆز بووە و قەیرانێکی ئابووری گەورەش بەرۆکی گرتووە کە گەورەترین قەیرانی ئابوورییە لە دوای ساڵانی شەڕی ناوخۆ ١٩٧٥-١٩٩٠وە تا ئێستا بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتبێت.
لە چەند مانگی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی لوبنان ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە قەرزەکانی وڵاتەکەی ٩٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە.
هەروەها حکوومەتی بەیروت ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی ١٠ ملیار دۆلار لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی قەرز بکات.