Mustafa Deveci,Muhammet Ali Kemal
09 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2018
غه‌ززه - AA
هاووڵاتیی فه‌ڵه‌ستینی، عه‌واد قودهیح كه له میانی خۆپیشاندانه‌كانی رۆژی ٣٠ی ئاداردا له كه‌رتی غه‌ززه‌ی گه‌مارۆدراو له لایه‌ن سوپای ئیسرائیله‌وه، بریندارکرا بوو، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ گیانی له‌ده‌ستدا.
له راگه‌یه‌نراوێكدا كه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی غه‌ززه بڵاوكراوه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه‌كراوه، عه‌واد قودهیح كه له ئه‌نجامی ته‌قه‌ی سه‌ربازانی سوپای ئیسرائیل له میانی خۆپیشاندانه‌كاندا برینداربووبوو له نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ستدا.
به گیانله‌ده‌ستدانی قودهیح كه خه‌ڵكی شاره‌دێی خان یونس باشووری كه‌رتی غهززهیە، ژماره‌ی ئه‌و فه‌ڵه‌ستینییانه‌ی كه له خۆپیشاندانه‌كاندا كه له رۆژی ٣٠ی ئاداره‌وه به‌رده‌وامه له لایه‌ن سوپای ئیسرائیله‌وه كوژراون، بۆ ٣٢ كه‌س به‌رزبوویه‌وه.
هاوكات به هۆی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خۆپیشاندانی ئاشتییانه‌ی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان به هێزی زۆر له لایه‌ن سه‌ربازانی سوپای ئیسرائیله‌وه، دووهه‌زارو ٨٥٠ فه‌ڵه‌ستینی برینداربوون كه زۆرینه‌یان گولـلەیان به‌ركه‌وتووه.