Atila Altuntaş
08 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2022
ستۆکهۆڵم - AA
پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی سوید و لایەنگری پەکەکە/یەپەگە، ئامینە کاکەباوە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لەبارەی بوودجە كە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، دەنگ بە دژی حكوومەت دەدات.
کاکەباوە کە تا کۆتا سات لایەنگری حکوومەت بوو، دوای لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری داد و ناوخۆی سوید، مۆرگان یۆهانسۆن کە دوێنێ لە پەرلەمان تاوتوێ کرا، بە رۆژنامەی ئێکسپرێسنی راگەیاندووە کە دەتوانێت لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا لەبارەی بوودجە دەنگ بە دژی حکوومەت بدات.
ناوبراو كە داوای کردبوو لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموكرات سەبارەت بە یەپەگە/پەكەكە كۆببێتەوە، رایگەیاند، ئەگەر بێت و کۆنەبنەوە پشتیوانییەکانی لە حكوومەت دەكشێنێتەوە و لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا سەبارەت بە بودجە دەنگ بە دژی حکوومەت دەدات.
- لێسەندنەوەی متمانە لە وەزیری داد و ناوخۆی سوید، مۆرگان یۆهانسۆن
پارتە راستڕەوەکان لە پەرلەمان لە دووی حوزەیران بەهۆی ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا نەیانتوانی رێگری لە زیادبوونی ململانێ چەکدارییەکانی بکەن، داوای لێسەندنەوەی متمانەیان لە دژی جۆهانسۆن وەزیری داد و ناوخۆ پێشکەش کرد.
کاکەباوە لە ماوەی پێنج رۆژدا سێ جار هەڵوێستی خۆی گۆڕی و دواجار رایگەیاند کە پشتیوانی لە حکوومەت ناکات.
هەروەها رۆژنامەکانی سوید بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کاکەباوە بە فەرمانی یەکێک لە سەردەستەکانی رێکخراوەی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە بە ناوی ئیلهام ئەحمەد، هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە.
شارەزا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەلیل قاراوەلی راگەیاند، رێککەوتنە ئاڵۆزەکەی حکوومەت لەگەڵ کاکەباوە ئاشکرا بووە و بابەتی ئەندامێتیی ناتۆش هەرەسی هێناوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە حکوومەتی سوید ئامادە نییە داواکارییەکانی تورکیا جێبەجێ بکات.
رۆژنامەنووس و نووسەر، ئانا داهلبێرگ، حکوومەتی بە وەرگرتنی یارمەتی لە کاکەباوە تۆمەتبار کردووە و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردووەتەوە: "ئێستا دەبێت نزا بکەین کە ئەمریکا لە دانوستان لەگەڵ تورکیادا فریای سوید بکەوێت. ئەگەرنا بە ئەگەرێکی زۆرەوە فینلاند لە خۆیەوە هەوڵی چوونە ناو ناتۆ دەدات".
- سویدییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشتیوانی لە ئەردۆغان دەکەن
لە بەرامبەردا سویدییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رەخنەیان لە پاڵپشتییەکانی حکوومەت بۆ کاکەباوە گرت.
هاووڵاتییەکی سویدی بەناوی ئانیتا ستین لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیویەتی: "ئەردۆغان گوتی، تیرۆریستانی ناو پەرلەمانەکەتان رۆژێک دێت کاریگەرییان بەسەرتانەوە دەبێت".