Abdullah Shukur
09 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2019
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ وەڵامی ئەو داواکارییەی ئهنجوومهنی پیرانی وڵاتەکەی نەدایەوە کە تیایدا لە چوارچێوەی یاسایی "Magnitsky" داوای ئاشکراکردنی تاوانباری یان بێ تاوانی شازادەی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لە کوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی دەکات.
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دەیەوێت ھەڵوێستی فەرمی کۆشکی سپی ببینێت لەبارەی تاوانباری یان بێ تاوانی شازادەی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لە تاوانی کوشتنی رۆژنامەنووس، جەمال خاشقچی.
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پێشتر لە چوارچێوەی ئەو یاسایە ماوەی ١٢٠ رۆژی بە ئیدارەی ئەمریکا لەبارەی تاوانی کوشتنی خاشقچی دابوو، ئەم ماوەیەش دوێنێ کۆتایی ھات، بەڵام کۆشکی سپی ھیچ وەڵامێکی لەمبارەیەوە نەداوەتەوە.
لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ نامەیەکی بۆ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ نارد و داوای لێ کرد کە لە چوارچێوەی یاسای "Magnitsky" لە ماوەی ١٢٠ رۆژ پرسی تاوانباری یان بێ تاوانی شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لە تاوانی کوشتنی خاشقچی ئاشکرا بکات.
راشگەیەنراوە کە ئەگەر کۆشکی سپی ھیچ وەڵامێکی نەبوو، ئەوا دەکرێت بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا یاسایەکی پەیوەندیدار بەم پرسە دەربکەن و بە شێوەیەکی بەھێزتر ئەو پرسە بھێننەوە رۆژەڤ.