Zana Natık Kerem
21 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2017
نەینەوا ــ AA
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، عەمید یەحیا رەسول رایگەیاند كە لەو شەڕو پێكدادانانەی كە لەمیانی ٤٨ كاتژمێری رابردوودا لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ روویان داوە، تێكشكاندنی داعش دەركەوت بەو پێیەی تیرۆریستان لەبەردەم پێشڕەوییەکانی هێزەكانی عێراق هەڵاتوون.
ئەم گوتەیەی عەمید یەحیا رەسول دوای رۆژێك لە لێدوانەكەی وەزیری بەرگری ئەمریکا، جمێس ماتیس دێت كە رایگەیاندووە، شەڕی رووبەڕووبوونەوەی دژبە داعش درێژخایەن دەبێت.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو یەحیا رەسول گوتی: "ئێوارەی دوێنێ بەشێوەیەكی خێرا و دوای پێكانی سەرجەم ئامانجە دیاریكراوەكان لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە، لاپەڕەی یەكەم لە قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی (قادیموون یا نەینەوا) تایبەت بەكۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ كۆتاییهات".
گوتەبێژەكەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان روونیشی كردەوە كە لە میانی شەڕو پێكدادانەكانی دوو رۆژی رابردوو ئەوە دەركەوت كە داعش تووشی تێكشكاندن بووە بەتایبەتیش كە لە گۆڕەپانی شەڕ، تیرۆریستییەكانی هەڵاتوون.
ناوبراو دووپاتشیكردەوە كە دەركردنی داعش لە مووسڵ تەنها كاتی پێویستە.
لە ١٩ی ئەم مانگە سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، حەیدەر عەبادی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.
لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ٦٠ هەزار چەكدار لە هێزەكانی عێراق بەشدارن و پشتیوانی ئاسمانیش لەلایەن فڕۆكەكانی جەنگی عێراق و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دابین كراوە.