دوای نزیک بە 20 ساڵ، حزبەکانی کوردی چەکداری نەیاری ئێران، جموجۆڵی چەکداری خۆیان لەسەر سنووری ئەو وڵاتە دەست پێکردەوە و فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەش دەڵێت بۆ رژانی خوێنی کورد نەهاتووینەتە ئێرە و کۆماری ئیسلامی ئێران بە دوژمنی خۆمان دەزانین.
چوونی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکرات ئەو پرسیارە دەورووژێنێت کە "ئایا چ هۆکارێک لە پشت ئەو جووڵەیە هەیە کە پەکەکە بەگومانەوە سەیری دەکات و تەنانەت بووە هۆی پێکدادانی نێوانیان و ئامانجی حزبی دیموکرات لە چوونی بۆ ئەو ناوچانە چییە؟".
لە بەرزاییەکانی شاخی هەڵگورد لە دواخاڵی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دوای چەندین سەعات بە ئۆتۆمبێل و بڕینی رێگە سەخت و شاخاوییەکان. تیمێکی رۆژنامەوانی ئاژانسی ئانادۆڵو توانی یەکەمین گرووپ لە پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان ببینێ و لەگەڵ فەرماندەکانیان، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بدۆزینەوە کە پەیوەندی بەو بارودۆخە هەیە.
فەرماندەی ئەو هێزەی پێشمەرگە خالید وەنەوشە ئاماژە بەوە دەكات كە لە ساڵی 1980ەوە پێشمەرگەی دیموکراتە و دەڵێت "ئامانجمان چوونەوە بۆ نێوخۆی ئێران و ئەنجامدانی چالاکییە" و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو هێزەکانی کوردی بە برای خۆیان دەزانن و نەهاتوونە ئەو ناوچەیە کە خوێنی کورد بڕژێنن و تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران بە دووژمنی خۆیان دەزانن".
رۆژی شەممەی رابردوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەناردنی چەند پۆلێک لە پێشمەرگەکانی هەوڵی نزیكبوونەوە لە سنوورەکانی دا، بەڵام ئەو هەنگاوە ئەوەندە ئاسایی نەبوو و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە، ئەو دوولایەنە چەکدارە رووبەڕووی یەکتری بوونەوە و هەرچەندە پەکەکە هەتا ئێستا هیچ ئامارێکی لە بریندار و قوربانی شەڕەکە رانەگەیاندووە، بەڵام حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کوژرانی پێشمەرگەیەک و برینداربوونی سێ پێشمەرگەی خۆی راگەیاندووە. هەنووکە شەڕەکە وەستاوە و بە نێوەندگیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانووستانی دوولایەن لە ئارادایە.
حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی 2006 وەک رێبەرانی ئەو حزبە دەڵێن بەهۆی جیاوازی بیروڕا لە شێوازی بەڕێوەبەری تووشی لێکترازان بوو بە سەر دوولایەن دابەش بووە بەڵام هێچ لایەنێک ئامادە نەبووە واز لە نێو و مێژووی ئەو حزبە بێنێت. ئێستا دوو لایەن خۆیان بە نێوەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان بە رای گشتی خەڵک دەناسێنن.
هاوکات لەگەڵ پێکدادانەکەی نێوان حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و پەکەکە، هێزەکانی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانیش خۆیان گەیاندووەتە ئەو ناوچە سنوورییە بەڵام وەک فەرماندەی ئەو هێزە باسی دەکات ئەوان نەک بۆ کوردکوشتن بەڵکو بۆ گەیشتن بە سنوورەکانی ئێران و یارمەتی هاوڕێیانیان لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هاتوونەتە بەرزاییەکانی سنوور.
خالید وەنەوشە، کۆماری ئیسلامیش هاوشێوەی رژێمی پاشایەتی بە دوژمنی خۆیان دەزانێت و راپەڕینی گەلانی ئێران لە زستانی ١٩٧٩ دژ بە رژێمی پاشایەتی بە سەرکەوتوو نازانێت و پێی وایە حکوومەتی ئێرانیش گوێی لە خواستی گەلەکەیان رانەگرتووە بە هێرش و وێرانکردنی گوندەکانیان، شەڕی بە سەردا سەپاندوون.
فەرماندەکانی حزبی دیموکرات خۆیان لە پێدانی ئامارەکانی پەیوەندییدار بە ژمارەی پێشمەرگە دەپارێزن بەڵام ئەوەی بینرا دابەشبوونیکی بەرفراوانی هێزەکانیان بوو لە ناوچەکەدا بەشێوازی گرووپی چەند کەسی، نایشارنەوە کە لە نزیکترین دەرفەتدا وەک خۆیان دەڵێن "دەچنەوە نێو خەڵکی خۆیان".
بەرپرسانی حزبی دیموکرات دەڵێن لە ساڵانی 1996/1997 بەهۆی پاراستنی حکوومەتی ئێران لە بەدەستەوەدانی هەر بیانوویەک بۆ هێرش و تۆپبارانکردنی ناوچەکانی سنووری هەرێمی کوردستان لە سنوورەکان بەڕێکەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کشاونەتەوە.
دوای نزیک بە 20 ساڵ لەو بڕیارە، حزبی دیموکرات جارێکی دیکە پێشمەرگەکانی بەرەو ئەو سنوورانە جووڵاند و ئەوەش ئەو پرسیارە دروست دەکات ئاخۆ چ هۆکارێک بووەتە هۆی ئەوەی دیموکرات ئەو بڕیارە دەربکات و لە بەرزاییەکانی شاخی هەڵگورد کە دواخاڵی سنووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێرانە، بڵاوە بە پێشمەرگەکانی بکات. ئەندامێکی جێگری کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان ئیسماعیل شەرەفی لەو بارەیەوە رایگەیاند: "لە نەبوونی بنکە و بارەگای حزبی دیموکرات لە سەر سنوورەکان پەیوەندیمان لەگەڵ خەڵکەکەمان لاواز ببوو".
ئەو رەتی دەکاتەوە کە هیچ هۆکارێکی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەبێت کە هانی ئەوانی دابێت ئەو بڕیارە بدەن، هاوکاتیش بەبێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێک بێنێت، دان بەوەدا دەنێت کە پشتیوانییەک هەیە لە حزبەکەیان و لەو بارەیەوە گوتی: "خەباتی گەلی کورد خەباتێکی رەوایە و ئەوەش سەرنجی رای گشتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی راکێشاوە و پشتیوانی لە حزبی دیموکرات دەکرێت".
شەرەفی لەگەڵ ئەوەی رەتی دەکاتەوە هەتا ئێستا هیچ لایەنێکی سیاسی یان چەکدار پێشی ئەوانی گرتبێت لە جموجۆڵەکانیان لەسەر سنوور، هاوکات دەڵێت: "بە بڕوای ئێمە بەهۆی هاتنەئارای بارودۆخێکی نوێ لە ناوچەکەدا و دەستێوەردانی ئێران لە نێو عێراق، پێویستە بەرژەوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم بەجۆرێکی دیکە پێناسە بکرێن و بوونی هێزەکانی سیاسی لە نێوخۆی ئێران باشتر دەتوانێت ئەو بەرژەوەندییانە بپارێزێت".
لە کۆتاییدا نەیشاردەوە کە بەرەو سنوورەکانی ئێران جموجۆڵیان دەست پێ کردووە و خۆیان بۆ پێشهاتەکانی سیاسی و چەکداری لەو وڵاتە ئامادە کردووە.
حزبی دیموکراتی کوردستان لە 16ی ئابی 1945 دامەزراوە. رێبەرانی ئەو حزبە لە دووی رێبەندان کە دەکاتە ٢٢ی کانوونی دووەمی 1946 لە شاری مەهاباد لە کوردستانی ئێران کۆماری کوردستانیان راگەیاند کە هاوکاتیش بوو لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئازەربایجان لە شاری تەورێز. هەر دوو کۆمارەکە بەهۆی هێرشی سوپای پاشایەتی ئێران لە لە ٢٦ی ئاداری ١٩٤٧ رووخێنران و لە ٣١ی ئاداری ١٩٤٧، قازی محەمەد بەتۆمەتی "ناپاکی کردن لە دەوڵەتی ئێران"، لە مەھاباد لەسێدارە درا و دواتریش لە شۆڕشی گەلانی ئێران ١٩٧٩ بۆ ماوەیەکی زۆر دەسەڵاتی کوردستانی ئێرانیان بەدەستەوە بوو کە پاش چەند ساڵ شەڕ و دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەبەرە بۆ سنوورەکانی عێراق کشانەوە.
هەر دوولایەنی دیموکرات دابینکردنی مافەکانی نەتەوایەتی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتی فیدڕاڵدا بە درووشم و ئامانجی خۆیان دەزانن.
news_share_descriptionsubscription_contact



