Hemin Hüseyin
12 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2018
هەولێر - AA
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئەو دانیشتنە ئاساییەی دواخست کە بڕیابوو ئەمڕۆ سێشەممە بەمەبەستی هەموارکردنەوە و دووبارە پەسندکردنەوەی یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی تر لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، و وەک لە بانگهێشتنامەیەکدا کە ئاراستەی پەرلەمانتارانی کردووە هۆکاری دواخستنەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئامادەنەبوونی تیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت وەزیری دارایی و ئابووری لە دانیشتنەکەدا.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە بانگهێشتنامەیەکدا کە ئاراستەی پەرلەمانتارانی کردووە رایگەیاندووە "لەو روانگەیەی پەسەندکردنی یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی تر لە ھەرێمی کوردستان ـ عێراق، ھەڵگری رەھەندی دارایە و پێویستە تیمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەتایبەت وەزیری دارایی و ئابووری ئامادەی دانیشتنەکەی پەرلەمان بێت، بەڵام پێی راگەیاندین کە ناتوانێت ئامادەی دانیشتنەکە بێت".
لە بانگهێشتنامەیەکدا ئاماژە بەوەکراوە کە پاڵپشت بەحوکمی بڕگەی ٢ لەمادەی ١٧ و بڕگەی ١ ی مادەی ١٨ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانی عێراق ژمارە ١ ی ساڵی ١٩٩٢ ی ھەموارکراو، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بڕیاریدا بەدواخستنی دانیشتنی ژمارە ١ ی ئاسایی بۆ کاتێکی تر کە بڕیاربوو رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٢/٦/٢٠١٨ ئەنجامبدرێت".
یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی تر لە ھەرێمی کوردستان لە ٢٤ ماددە پێکھاتووە، وبە پەسندکردنی یاساکە مانگانە نزیکەی ١٥٠ ملیار دینار دەگەڕێنێتەوە بۆ حکوومەت.
دوای پەسندکردنی یاساکە لە پەرلەمانی کوردستان، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە چواری ئاداری رابردوو بەھۆی ناڕەزایەتی خەڵک و لەسەر داوای فراکسیۆنەکان، یاساکەیان گەڕاندەوە پەرلەمان بۆ پێداچوونەوە.
پێشتر جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جەعفەر ئیبراھیم ئیمینکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی گەڕانەوەی یاساکە بۆ پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "ئەو یاسایە پەیوەستە بە ژیانی خەڵکی ھەرێمی کوردستانەوە، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ھەیەتی لە دەرچوواندن و پەسندکردنی یاسا، لەبەر ئەوەی چەند ماددەیەکی ئەو یاسایە مشتومڕی زۆر و ناڕەزایەتییەکی فراوانی لەسەر دروستبووە، بڕیاردرا رەتیبکەینەوە، جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ناو ھۆڵی پەرلەمان".
لەو کاتەیشەوە تاکو ئێستا چەندین جار بڕیاردراوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان بەمەبەستی پێداچوونەوە و پەسندکردنی، بەڵام بەھۆی مشتومڕی فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمان لەسەر بەشێک لە برگە و ماددەکانی یاساکە، تاکو ئێستا یاسای خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی تر لە ھەرێمی کوردستان پەسند نەکراوە.