Hemn Baban
11 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 12 حوزەیران 2018
ھەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە سەرکردە سیاسییەکانی عێراق دەکات دەستبەرداری ناکۆکییەکانیان لە پێناو دەسەڵات و پلە و پایە بن و چاویان لە بەرژەوەندییەکانی وڵات بێت.
سەرکردەی رەوتی سەدر کە سەرۆکایەتی ھاوپەیمانییەتی "سائیرون" دەکات کە لە ھەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایاری رابردوو بە ٥٤ کورسییەوە بوو بە لیستی یەکەم، دوای ئاگرتێبەربوونی کۆگای سندوقەکانی دەنگدان لە کەرتی رەسافە لە بەغدا کە دوێنێ روویدا و بووە ھۆی زیان گەیاندن بە سندوقەکان و بەشێکی ئامێرەکانیشی لەناوبرد پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێک.
موقتەدا سەدر لە پەیامەکەیدا رایدەگەیەنێت "بارودۆخی ئاسایش و سیاسی و ئابووریی عێراق خراپ بووە و عێراق لە مەترسیدایە لەدوای زیادبوونی مشتومڕەکان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لەوبارەیەوە رووی قسەکانی دەکاتە سیاسەتمەدارانی عێراق و دەڵێت "عێراقەکەی ئێوە پڕییەتی لە ھەژار و ستەملێکراو و ھەتیو و بریندار و پەککەوتە و بێوەژن و بە تەمەن و کەمئەندام، عێراقی ئێوە بێ ئاو و کارەبا و کشتوکاڵ و پیشەسازی و پارە و بێ ژێرخان و خزمەتگوزارییە، تەنانەت بێ ژینگەیەکی تەندروستە و سنوورەکانیشی پارێزراو نیین، دوژمنەکانیش لە ھەموو کون و کەڵەبەرێکەوە پێکەوە ھێرشی دەکەنە سەر".
سەرکردەی رەوتی سەدر لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت "عێراقی ئێوە ھێشتا شوێن پەنجەی بەعسی بەسەرەوە ماوە، ھێشتا ستەم و دیکتاتۆرییەتی بەعسی بەڕوونی پێوە دیارە، بەسە ململانێ لە پێناو کورسی و پۆست و دەستکەوت و دەسەڵات و حوکمڕانی، عێراق لە مەترسیدایە".
موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی ھاوپەیمانییەتی "سائیرون" دەکات کە لە کۆی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی لە ھەڵبژاردنی مانگی رابردوو توانی ٥٤ کورسیی پەرلەمان بەدەست بھێنێت.
سەرکردەی رەوتی سەدر لە درێژەی پەیامەکەیدا چەندین پرسیار دەکات و دەڵێت "کاتی راگرتنی داگیرکاری و دەسەڵاتی دەرەکی نییە؟، ھەروەھا بۆمبڕێژکراو و تەقینەوە و تیرۆر و ململانێ و تیرۆرکردنەکان بەس نییە؟".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھەروەھا ئەوەش دەڵێت "ئایا کاتی ئەوە نییە عێراق بەشەرەف و برایەتی و لێبوردەیی و ئاشتییەوە کۆمان بکاتەوە؟، کاتی ئەوە نییە یەکڕیز بین لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و بونیادنان لەبری ئەوەی سندوقەکانی دەنگدان بسووتێنین یان ھەڵبژاردن بۆ کورسییەک یان دوان دووبارە بکەینەوە؟".
ھاوکات دەشڵێت "کاتی ئەوە نییە چەک دابماڵین و بیدەینە دەستی دەوڵەت لەبری ئەوەی لە مزگەوت و حوسێنییەکان ھەڵیانگرین و گیانی بێ تاوانەکان بکاتە قوربانی و بیانکوژێت؟، ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە پارە و مافەکانمان بپارێزین و ئەرکەکانی خۆمان بەرامبەر بە نیشتمان و ئیمانەوە بەجێ بگەیەنین؟".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامەکەی کۆتایی پێدەهێنێت بەوەی ئەو پرسیارەش دەکات کە "تا کەی ھەندێک لەبەرامبەر ئیرادەی بیانی و دەرەکی ملکەچ دەبن و ئەوان بۆخۆیان لە دەرەوەی سنوورەکانن؟".