Fahrettin İbrahim
08 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2017
هەولێر - AA
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی پێشوازیی کرد لە نێردەی تایبەتی نەرویج بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کنوت لێن و شاندی باڵیۆزخانەی نەرویج لە بەغدا.
بە پێی هەواڵێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەم دیدارەدا پەیوەندییەکانی نەرویج و هەرێم و دوا پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆی لەسەر کرا و شاندی نەرویج پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی دەستوور دووبارە کردەوە و ئاواتیان خواست هەرچی زووتر گرژییەکان کۆتایی پێ بهێنرێن و هەردوولا خۆیان بۆ قۆناغی دوای داعش و ئاوەدانی و گەشەپێدانی وڵات ئامادە بکەن.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم جەختی لەسەر هەڵوێستی هەرێم بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ دووبارە کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە کاردانەوەکانی بەغدا لە بەرامبەر ریفراندۆم نادەستوورین و دەرخەری نیازخراپیی هەندێ گرووپ و لایەنە لە بەغدا لە بەرامبەر کۆی سیستەمی دەستووری و سیاسیی ئێستای عێراق.
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی دووپاتیشی کردووەتەوە کە رێکاری سەربازیی بەرامبەر بە هەرێم هیچ ئاکامێکی نابێت و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات بۆیە دەبێت بەغدا دانوستانی بێ مەرج لەسەر بنەمای دەستوور قبووڵ بکات و کۆی دەستوور جێبەجێ بکرێت نەک تەنها چەند بڕگەیەک کە لێکدانەوەی تایبەتی بۆ دەکرێت و لە خزمەت ئامانجی لایەنێکی کێشەکەدایە.