سەرکۆماری فەڕەنسا فڕانسیس ئۆڵاند لە کۆشکی ئەلیزا پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەیڤید کامیرۆن کرد و دوای رێوڕەسمی پێشوازی کامیرۆن و ئۆڵاند چوونە بەردەم کامێراکان و لێدوانێکی کورتیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دا و جەختیان لەسەر پەرەپێدانی ھاوکاری و ھەماھەنگی نێوانیان لە بواری شەڕی دژی تیرۆر، تێکۆشانی دژی گۆڕینی کەشوھەوا و چەند پرسێکی تایبەت بە یەکێتیی ئەورووپا کردەوە.
ئۆڵاند لەبارەی ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ی بەریتانیا لەبارەی ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەورووپا گوتی: "مانەوەی بەریتانیا لە نێو یەکێتی ئەورووپادا بۆ بەریتانیا و ھەم بۆ خەڵکی بەریتانیا باشتر دەبێت".
لە بەرامبەردا کامیرۆنیش رەخنەی لە ھەڵوێستی موحافیزەکارەکان کرد وگوتی: "پێداچوونەوە بە یەکێتیی ئەورووپا و ئەنجامدانی گۆڕانکاری لەو یەکێتییە نەتەنیا بۆ بەریتانیا بەڵکو بۆ ھەموو بەشەکانی دیکەش سوودی دەبێت".
ناوبراو هەروەها لە کۆتاییدا گوتی: "ئەولەویەتی من پێداچوونەوە بە یەکێتیی ئەورووپا و چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی خەڵکی بەریتانیا لەبارەی ئەندامبوونی بەریتانیا لەو یەکێتییەیە، بێگومان بەھێزکردنی ناوچەی یورۆ بە سەرۆکایەتی فەڕەنسا یەک لە ئامانجەکانمانە بەڵام زیاتر کار لەسەر زۆرتر پێشکەوتنی یەکێتیی ئەورووپا دەکەین".
کامیرون کە وڵاتەکەی لە ساڵی ١٩٧٣وە هەتا ئەمڕۆ ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا دەیەوێت لەسەر ئەندامبوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا ریفراندۆم ئەنجام بدات و داوای ئەوە دەکات کە سنوورەکانی یەکێتی سست نەبن و سنوورێک بۆ پرسی کۆچبەران و ھاتوچۆی سەربەست دابنرێت.