Heman Hussein Yaseen
29 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2024
هەولێر - AA
دوای نۆ ڕۆژ لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، بڕیارە سبەی چوارشەممە ئەنجامی کۆتایی ڕابگەیەنرێت.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێڕاق جومانە غەلای بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە، سبەی چوارشەممە، کاتژمێر دەی بەیانی ئەنجامەکانی کۆتایی لەلایەن لیژنەکانی کۆمیسیۆنەوە لە ھەولێر ڕادەگەیەندرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر، بە بەشداری دوو ملیۆن و ٨٧ ھەزار و ٩٧٢ کەس ھەڵبژاردنی گشتی بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بەڕێوەچوو، دواتریش کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامە بەراییەکانی ڕاگەیاند.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ھەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٧ کورسی، ڕەوتی ھەڵوێست ٤ کورسی، کۆمەڵی دادگەریی ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی و ھاوپەیمانی ھەرێمی کوردستان ١ کورسی پەرلەمانیی بەدەست دەھێنن.