Sarmand Hameed
21 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ستیڤن ھیکی و شاندێکی دیپلۆماتی و سەربازیی یاوەری کرد.
بە گوێرەی ئەو هەواڵەی کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا سەرھەڵدانەوەی داعش و مەترسییەکانی بۆسەر سەقامگیریی عێراق تاوتوێ کران. نێچیرڤان بارزانی ستایشی رۆڵی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا کرد، ھەروەھا جەختی لە گرنگیی دڵنیابوون لە بنەبڕکردنی یەکجارەکیی داعش و پێویستیی ھەماھەنگی و ھاوکاریی نێوان ھەولێر و بەغدا لەگەڵ ھاوپەیمانان کردەوە.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەەتەوە کە دوای ئەو ھەموو ساڵە کاتی ھاتووە تێڕوانینێکی ھاوبەشی لایەنە عێراقییەکان بۆ باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییانی عێراق بەگشتی گەڵاڵە ببێت و بۆ ئەو مەبەستە لایەنە عێراقییەکان ئامادەکاری بکەن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان نیگەرانیی خۆیان لەو ھێرشانە دەربڕی کە کراونەتە سەر ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی ھەولێر و بە توندی سەرکۆنەیان کرد، جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە ئەم کردارانە کاریگەری لەسەر سەقامگیریی عێراق بە شێوەیەکی گشتی دەبێت.
لە کۆبوونەکەدا پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا، دوا سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و پەرەسەندنەکانی خرانە بەر باس و پەسەندکردنی یاسای بوودجەی گشتیی عێراق و رێککەوتن لەسەر پرسی دادگای فیدرالی، بەرز نرخێنران.
ھەوڵەکانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بۆ یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق، رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراقدا، بەھێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و سوودوەرگرتن لە پشتگیریی نێودەوڵەتی، دۆخی ئابووریی عێراق، کاریگەرییەکانی کۆرۆنا و رەوشی ئاوارە و پەنابەران، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەکە بوون.