Azad Mohammed Abdullah
21 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2018
دهۆک - AA
راوێژکارى مەسعود بارزانى بۆ کاروبارى راگەیاندن کیفاح مەحموود رایگەیاند "سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، مەسعود بارزانى و شاندێکى یاوەرى گرنگترین سەردان بۆ بەغداى پایتەختى عێراق ئەنجام دەدات و ئاساییکردنەوەى دۆخى کەرکوک و تەواوى ناوچە کێشە لەسەرەکان و یەکلایی کردنەوەى پێکهێنانى حکوومەتى نوێى عێراق و چەندین پرسى دیکە تاوتوێ دەکات".
راوێژکارى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، مەسعود بارزانى بۆ کاروبارى راگەیاندن، کیفاح مەحموود لە لێدوانێکى تایبەتدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دواى ئەنجامدانى ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان لە ٢٥ى ئەیلوولى ٢٠١٧، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان یەکەم سەردانى بۆ بەغداى پایتەختى عێراق ئەنجام دەدات و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەى لایەنە سیاسییەکانى عێراق ئەنجام دەدات".
لەبارەى ئامانج و ناوەڕۆکى سەردانەکە ئەو راوێژکارەى مەسعود بارزانى گوتى: "سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و شاندێکى یاوەرى سبەى پێنج شەممە بە سەردانێکى فەڕمى بەرەو بەغداى پایتەختى عێراق بەڕێدەکەون، لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکوەزیرانى عێراق، عادل عەبدولمەهدى و سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، محەمەد حەلبوسى و سەركردەی رەوتی سەدر و هاوپەیمانی ئەلسائیرون، موقتەدا سەدر و سەرۆکى رەوتى حیکمە، عەمار حەکیم و سەرۆکى لیستى دەوڵەتى یاسا، نورى مالکى و ژمارەیەک لە سەرکردەى دیکەى لایەنە سیاسیەکانى عێراق کۆدەبێتەوە و پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و تەواوى پرسەکانى عێراق تاوتوێ دەکەن لە کۆبوونەوەکاندا".
کیفاح مەحمود ئاشکراى دەکات کە گرنگترین پرس کە سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، مەسعود بارزانى لەگەڵ سەرکردەى لایەنە سیاسییەکانى عێراق باسی لێوە دەکات، جێبەجێکردنى ماددەى ١٤٠ و کۆتایی هێنانە بەو دۆخە نامۆییەى بەسەر کەرکووک، شنگال و خانەقین و تەواوى ناوچە کێشە لەسەرەکان هاتووە.
ئەو راوێژکارەى مەسعود بارزانى دەڵێت "بارزانى لە سەردانەکەیدا پرسى بەشە بوودجەى هەرێمى کوردستان لە بوودجەى ٢٠١٩ى عێراق و مەلەفەکانى نەوت و گاز لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق، عادل عەبدولمەهدى و سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق محەمەد حەلبوسى باس دەکات".
ناوبراو ئاماژەى بەوەشدا کە یەکێکى دیکە لە ئەجێنداى سەردانەکەى بارزانى یەکلایی کردنەوەى پۆستە پڕ نەکراوەکانى حکوومەتى نوێى عێراقە، لەوانەش ئەو هەشت وەزارەتەى تا ئێستا لە کابینەکەى عادل عەبدولمەهدى یەکلایی نەبوونەتەوە.