Sarmand Hameed
09 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
لەمیانی پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبھێنێت و ببێت بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
لە یەکەمین دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، شاخەوان عەبدوڵڵا توانی زۆرینەی دەنگەکان بۆ خۆی ببات و ببێت بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا کە ٢٢٦ پەرلەمانتار دەنگیاندا، شاخەوان عەبدوڵڵا ١٨٠ دەنگ و رکابەرەکەیشی، سروە عەبدولواحید ٣٣ دەنگی بەدەستھێناوە و ١٣ دەنگیش پووچەڵ بوون.
بەپێی ئەو نەریتییە سیاسیەی کە لە ساڵی ٢٠٠٥هوە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران پشکی سوننەیە و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ شیعە و جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پشكی کوردە.