قاھیرە
دوێشەو لەدوای نوێژی عیشا لەقاھیرە لایەنگران و نەیارانی (محەمەد مورسی) جارێکی دیکە ھەڵگژانەوە بەیەکداو لەئاکامدا ١٤ کەس برینداربوون.
بەگوێرەی قسەی سەرچاوە پزیشکییەکان بەرکەوتوان لەڕێی چەقۆو تێڵاو مۆلۆتۆفەوە بریندارکراون. ھەروەھا بەھۆی فراوانبوونی شەڕ، جامی زۆربەی دوکانەکانی ئەو ناوچەیە شکێنران.
ڕەزا فەھمی، سەرکردەی (بزوتنەوەی ھاوپەیمانی میللی) بۆ ئانادۆڵو گوتی" مۆڵەتی ٤٨ سەعات دەدەینە کودەتاچییەکان ئەگەرنا دژی کودەتای سەربازیی سەرھەڵدانی جەماوەریی بەرپا دەبێ".
فەھمی گوتیشی" لەدوای لادانی مورسی تا ئەمڕۆ شەش سەد کەس لەئاکامی توندوتیژییەکان ژیانیان لەدەستداوەو زیاتر لە پێنج ھەزار کەسیش برینداربوون، ئاشتی لەمیسر بەرەو دواوە چووەو گرتن و ڕاونانی خەڵکی زۆر بەربووە".
سەرکردەی بزوتنەوەی ھاوپەیمانی میللی بەڕاشکاوی دەڵێ یادەبێ کودەتاچییان واز لە کودەتاکەیان بێنن یا ئەوەیە بەتۆمەتی خیانەتکردن لەوڵات دەدرێنە دادگا " ئەگەر بیانەوێ کۆتایی بەخۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی (ڕابیعە عەدەویەو نەھزە)یش بێنن ئەوا بەس ئەو شوێنانە نین، بەڵکو لەوڵات چەندین گۆرەپانی دیکە ھەن خۆپیشاندانی لێدەکرێت".
دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی میسر رایگەیاند: بەگوێرەی قانوون رێدەگرن لەئەنجامدانی خۆپیشاندان لەمەیدانە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە.