ھەولێر - ئەنقەرە
پارتی گەلی کۆماری CHPرایگەیاند: سەرۆکی پارتەکەیان (کەمال کڵیچدارئۆغڵو) سەردانی عێراق دەکات لەرۆِژی ٢٠/٨/٢٠١٣.
راگەیەنراوە لەو سەردانەدا کڵیچدار ئۆغڵۆ، سەرەتا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ( نوری مالیکی) کۆدەبێتەوەو دواتر لەگەڵ سیاسەتوانانی شیعەوسوننەی ئەو وڵاتە دیدارو وتووێژ بکات.
بێجگە لەوانە، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری دەچێتە پەرلەمانی عێراق و سەر لەشارەکانی کەرکوک و نەجەفیش دەدات.
ھەروەکو لەڕاگەیەنراوەکەدا ھیچ ئاماژەیەکی پێنەدراوە، بەرپرسانی ھەرێمی کوردستانی عێراق رایانگەیاند: کڵیچدار ئۆغڵۆ ناچێتە ھەولێر.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان (فەلاح مستەفا) ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " کڵیچدار نایەتە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر بێت و سەردانی ھەولێر بکات ئەوا بەھیچ شێوەیەک ئێمە ئاگادار نەکراوینەتەوە لەو سەفەرە".
جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (فاروق لۆغ ئۆغڵو) لەبارەی سەردانی سەرۆکی پارتەکەیان گوتی " چوونی کڵچدارئۆغڵو بۆ عێراق، بۆ زیاتر تۆکمەکردنی پەیوەندیی ھەمەلایەنەی نێوان عێراق و تورکیایە، نەک بۆ ناڕەزایی و گلەیی کردن لەپارتی دادو گەشەپێدان، تورکیا ڕێز لەسەروەریی یەکپارچەیی خاکی عێڕاق دەگرێ. پێویستە ھەموو پارتەکان لەگەڵ حکومەتی کوردی لەپەیوەندیی باش دابن تا یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە پارێزراوبێ "
وا بڕیارە سەردانەکەی کەمال کڵیچدار ئۆغڵو چوار رۆژ بخایەنێ و چەندین ئەندام پەرلەمان، ئەندامانی پارتەکەی، رۆژنامەنووسان و سەرمایەدارانی تورکیا ھاوڕێیەتی بکەن.