Zana Natık Kerem
12 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2022
ھەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی سابیئەی مەندائی لە عێراق و جیھان رایگەیاند کە پاراستنی کەمینەکان لەبەرچاو دەگرن، بەشێوەیەک کە مافی کەمینەکان پارێزراو بێت وەکو بەشێکی دانەبراو لە کۆمەڵگای عێراقی.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە شاندێکی سابیئەی مەندائی لە عێراق و جیھان و کۆبوونەوەتەوە.
راشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی ژیانی سابیئەی مەندائی لە عێراق تاوتوێ کراوە، ھەروەھا گفتوگۆ کراوە لەبارەی ئەو کێشانەی کە سابیئەی مەندائی لە عێراق بەڕەوڕووی بوونەتەوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سووانی بەڵێنی داوە، کێشەکانی سابیئەی مەندائی چارەسەر بکات.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردووەتەوە کە عێراق، لانەیەکی گرنگی ھەموو پێکھاتە و تائیفە رەسەنەکانییەتی و ئەم جۆرە رەنگ و جیاوازیانەش ھێز و جیاوازیەکی بەوڵات داوە و دووپاتیشی کردووەتەوە، پاراستنی مافی کەمینەکان لە عێراق لەبەرچاو دەگرن، بەشێوەیەک کە مافی کەمینەکان پارێزراو بێت وەکو بەشێکی دانەبراو لە کۆمەڵگای عێراقی.