Sarp Özer
12 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2022
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگریی تورکیا، خولوسی ئاکار رایگەیاند کە یۆنان بە داواکاری و بانگەشەی ناعەقڵانی و نالۆجیکی و نایاسایی و کردە و لێدوانی شەڕانگێزانە، بەردەوامە لە زیادکردنی گرژییەکان و گوتی: ''هەرگیز ناگونجێت رێگە بە هیچ دی فاکتۆیەک بدەین. ئەوانەی دەخوازن سبەینێیان باش بێت، پێویستە لە هەڵەکانی دوێنێ و ئەمڕۆیان بگەڕێنەوە''.
خولوسی ئاکار کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای تورکیا و فەرماندەی یەکەکانی سوپا ساز کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە سەرۆک ئەرکانی سوپا، جەنەراڵ یاشار گولەر و فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی، جەنەراڵ موسا ئاڤسەڤەر و فەرماندەی هێزەکانی دەریایی، ئەدمیراڵ ئەرجومەنت تاتڵیئۆغڵو و فەرماندەی هێزەکانی ئاسمانیی، جەنەراڵ ئاتیلا گولان و فەرماندەی یەکەکان و جێگرانی وەزیری بەرگری، یونس ئەمرە کارائۆسمانئۆغڵو و شوئای ئالپای بەشداربوون.
خولوسی ئاکار باسی لەوە کرد کە سوپای تورکیا بەتێگەیشتنی ''سنوور شەرەفە'' ئاسایشی سنوورەکانی دەستەبەرکردووە و بە ستراتیجییەتی لەناوبردنی سەرچاوەکانی تیرۆر لە ناوەوە و دەرەوەی سنوور دژبە هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکان وەستاوەتەوە، بەتایبەتی پەکەکە/پەیەدە-یەپەگە، داعش و فەتۆ.
وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لە دوایین پێشهاتەکانی ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کرد و رایگەیاند: ''یۆنان بە داواکاری و بانگەشەی ناعەقڵانی و نالۆجیکی و نایاسایی و کردە و لێدوانی شەڕانگێزانە، بەردەوامە لە زیادکردنی گرژییەکان. هەرگیز ناگونجێت رێگە بە هیچ دی فاکتۆیەک بدەین. ئەوانەی دەخوازن سبەینێیان باش بێت، پێویستە لە هەڵەکانی دوێنێ و ئەمڕۆیان بگەڕێنەوە''.