Zana Natık Kerem
20 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2022
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی لە میانی پێشوازییکردنی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت رایگەیاند کە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی و ھاوپەیمانەکانی بڕیاریانداوە، حکومەتێکی ھاوسەنگ و خزمەتگوزار پێکبھێنن کە لەگەڵ خواستی سەرجەم عێراقییەکاندا بگونجێت.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند کە لە میانی کۆبوونەوەی مالکی لەگەڵ پلاسخارت دوایین پێشھاتە سیاسیی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە، ھەروەھا گفتوگۆکانی ئێستا لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق تاوتوێ کراون.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە نوری مالیکی رایگەیاندووە، لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیی و ھاوپەیمانەکانی بڕیاریانداوە، حکومەتێکی ھاوسەنگ و خزمەتگوزار پێکبھێنن کە لەگەڵ خواستی سەرجەم عێراقییەکاندا بگونجێت و رایگەیاندووە "چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەنگاوی باشی ناوە لەبارەی دەست نیشان کردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، بەتایبەتیش کە لیژنەیەک لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە پێکھێنراوە بۆ ئەوەی ھەڵسەنگاندن بۆ ناوی کاندیدان بکات و بەم زووانەیش ئەو پرسە یەکلایی دەکرێتەوە و دەست دەکرێت بە جێبەجێکردنی میکانیزمی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ".
ھەروەھا باسی لەوەش کردووە کە نوری مالیکی داوای لە لایەنە کوردییەکان کردووە کە پرسی پۆستی سەرکۆماری نوێی عێراق یەکلایی بکەنەوە و راشیگەیاندووە کە پێویستە حکوومەتی داھاتوو، ئەرکەکانی خۆی لەڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی، گێرانەوەی شکۆی دەوڵەت جێبەجێ بکات و کاریش بکات بۆ راستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسیی و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، ئەوەیش دوای ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان و داوایشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کردووە کە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان، پاڵپشتی زیاتر لە عێراق بکات.