لە حەوت ساڵی رابردوودا ١٥١ ھەزار و ١٠٢ یەکینەی نیشتەجێ بوون لەرێی دەستەی وەبەرھێنانەوە دروستکراون، بێجگە لە چەند ھەزارێکی دیکە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە.
فەرھەنگ سابیر،گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئاشکرایکرد بۆ رێکخستن و سپاردنی دروستکردنی یەکینەکانی نیشتەجێ بوون کە ئێستا لە لایەن دەستەی وەبەرھێنان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە سەرپەرشتیی دەکرێن، پرۆژەیەک بۆ دامەزراندنی دەستەی نیشتەجێکردن ئامادەکراوە.
پرۆژەکە مانگی رابردوو، رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کراوە. ئێستا چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانن تا بۆ پەسەند کردن رەوانەی ئەوێ بکرێ.
فەرھەنگ سابیر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ وردەکاریی پێکھێنانی دەستەکەی خستەڕوو: "پرۆژە یاساکە لە لایەن لیژنەیەکی پێنج کەسی لە وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پلاندانان، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەنجومەنی باڵای ئابووریی، نوێنەری وەزارەتی دارایی ئامادەکراوە و مانگی رابردوو رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی کراوە. ئێستا پرۆژەکانی نیشتەجێ بوون لە لایەن دوو دەزگای جیاوازە سەرپەرشتی دەکرێن، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە یەکینەی نیشتەجێ بوون بۆ کەمدەرامەتەکان دروست دەکا و دەستەی وەبەرھێنانیش ئەو کارە دەکا، بۆ ئەوەی کاری ھەموو یەکینەکان لە یەک لایەنەوە سەرپەرشتی بکرێ، پێشنیازی دامەزراندنی دەستەی نیشتەجێبوون کراوە."
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەسەر زاری ئەو گوتەبێژەیەوە رایدەگەیەنێ: ھەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتووانەکەی بەپێی ئامارە رەسمییەکان لە پێنج ملیۆن و سێ سەد هەزار کەس زیاتر دەبێ، پێویستی بە دروستکردنی ١٠٠ ھەزار یەکینەی نیشتەجێکردن ھەیە.
وەزارەتی پلاندانان، هەڵسەنگاندنێکی بۆ هەرێمی کوردستان کردووە کە ساڵی ٢٠٢٠ ی لە خۆگرتووە. بەپێی دەرئەنجامی ئەو راپۆرتە لەسەرانسەری ھەرێمدا ٧٩%ی خەڵکیکوردستان، لە خانووی خۆیاندان و پارەی تەواویان داوە، لە ناوچە شارنشینەکان ئەو رێژەیە ٧٧%ە و لەناوچە گوندنشینەکان ٨٩% دەبێ.
زۆریی ئەندامانی خێزان لەکوردستان و ئارامی و گەشەکردنی بەردەوام، لەپاڵ ھاتنی ژمارەیەکی زۆری خێزانەکان لەناوەڕاست و باشووری عێراقەوە و بوونی پەنابەرێکی زۆر لەھەرێم، پێویستیی بۆ خانوو زیاتر کردووە. بێجگە لە ھەڵکشانی نرخ و کرێی خانوو.
بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی پلاندانان بێ لە ساڵی ٢٠١١ رێژەی ٦١%ی خێزانەکان شەش ئەندام یان زیاتر بوون. ٢٩%ی خێزانەکانیش چوار منداڵ یان زیاتریان ھەبووە.
ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە دەستەی وەبەرھێنان دەستیکەوتووە، دەریدەخا ساڵی ٢٠٠٦ لەوەتەی دەستەکە دامەزراوە تا کۆتایی ئەمساڵ، لەھەرێمدا ١٥١ ھەزار و ١٠٢ یەکینەی نیشتەجێ بوون دروستکراون.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیش لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستی کردووە بەدروستکردنی یەکینەی نیشتەجێ بوون بۆ کەمدەرامەتان بە نرخی گونجاو، لە ساڵی ٢٠١١ەشەوە دروستکردنی زیاتر لە شەش ھەزار یەکینەی لەئەستۆگرتووە.
بۆ ساڵی ٢٠١٤ش بەنیازی دروستکردنی چوار ھەزار یەکینەی دیکەیە.
بەرپرسی لقی ھەولێری رێکخراوی کۆمەڵەی داکۆکی لەمافی کرێنشینانی کوردستان، مەحمود ئیسماعیل لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ رەخنە لە سیاسەتی حکومەتی ھەرێم دەگرێ لە رابردوودا کە بەو ئاراستەیە نەبووە کێشەی نیشتەجێ بوون چارەسەر بکا. لەبارەی ئەو ژمارە زۆرەی یەکینەی نیشتەجێ بوونیشەوە کە دروستکراون دەڵێ: "پرۆژەکانی نیشتەجێ بوون لە ھەرێمی کوردستان، بەدرێژایی ساڵانی پێشوو کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە لەسەر کەمکردنەوەی کێشەکە، چونکە نرخی یەکینەی نیشتەجێ بوون تێیاندا زۆرە و خەڵکی کەمدەرامەت نەیتوانیوە لێیان سودمەندبێ."
لەگەڵ ئەوەشدا مەحمود دامەزراندنی دەستەی نیشتەجێ بوونی بە گرنگ زانی و گوتی: "بایەخی زۆری دەبێ لەسەر کەمکردنەوەی کێشەی نیشتەجێ بوون."
راپۆرتەکەی وەزارەتی پلاندانان کە دیدگەیەتی بۆ ئایندە تا ساڵی ٢٠٢٠، باس لەوە دەکا ئەولەویەتی حکومەت ھەتا ساڵی ٢٠١٧ بریتی دەبێ لە پێداچوونەوە و چاکسازیی بۆ رێساکانی بەکارھێنانی زەوی بۆ ھاندانی دابینکردنی یەکینەی نیشتەجێ بوون، چاکسازیی لە رێساکانی خاوەندارێتی زەوی، ھاندنی دروستکردنی گەڕەکی داھات جیاواز، دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی خانووبەرە بۆ ھاووڵاتی کەمدەرامەت، دانانی سیستمی تەمویلی خانووبەرە.