Muhammet Ali Kemal
14 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی)، مایک پۆمپیۆ رایگەیاند کە رەنگە کۆریای باکوور درێژە بە تاقیکردنەوە ناوەکییەکانی بدات، بەڵام زانیاریی هەواڵگرییان لەبەردەستدا نییە کە باس لەوەبکات ئەمریکا لە جەنگێکی ناوەکیی لەبەرامبەر کۆریای باکوور، نزیکبووەتەوە.
مایک پۆمپیۆ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز سەندەی، روونکردنەوەی لەبارەی بابەتەکانی رۆژەڤەوە، دا.
پۆمپیۆ باسی لەوەکرد کۆریای باکوور بەردەوامە لە هەوڵەکانی پەرەپێدانی چەکی ناوەکیی و رایگەیاند ''نزیکە پێی بگات (بە توانای چەکی ناوەکیی). ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵە هەوڵدەدەن و نزیک دەبنەوە لە گەیشتین بەو توانایە''.
سەرۆکی سی ئای ئەی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا کۆریای باکوور لە داهاتوویەکی نزیکدا پەلاماری ئەمریکا دەدات یان نا، رایگەیاند ''لە خاڵێکدا نیین کە پێویستمان بە شەڕی ناوەکی لەگەڵ کۆریای باکووردا هەبێت. هیچ زانیارییەکی هەواڵگرییمان لەوبارەیەوە لەبەردەستدا نییە''.
مایک پۆمپیۆ پەسنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی لەبەرامبەر کۆریای باکووردا، کرد و تیشكی خستە سەر ئەوەی لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەدا ئەو وڵاتە گۆشەگیرتر بووە لە ناوچەکەدا.
پۆمپیۆ گوتیشی: ''ئیتر چینیش دەڵێت کە پێویستە چەکی ناوەکیی لە ناوچەکەدا بوونی نەبێت''.
باسی لەوەشکرد کە کۆریای باکوور درێژە بە تاقیکردنەوە ناوەکییەکانی دەدات و دوای هەر تاقیکردنەوەیەک ئەزموونی لەوبارەیەوە زیاتر دەبێت.