Sarmand Hameed
03 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل بۆ رێگریکردن لە ھێرشە بەردەوامەکانی تیرۆرستانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان جەخت لە ھەماھەنگیی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکاتەوە.
جووتیار عادل لەسەر ھێرشی شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش بوسەر ناوچەی سەرگەڕان و قەرەچووغ کە بەھۆیەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی شەھید و برێنداربوون و لەکاتی ئۆپەراسیۆنی راوەدوونانی تیرۆریستانیشدا، ژمارەیەک پێشمەرگە شەھید و برینداربوون، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا ھاتووە "شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش ھێرشێکی ترسنۆکانەیان بۆ سەر ھاووڵاتییانی گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووخ ئەنجام دا، بەداخەوە لەو ھێرشەدا چەند ھاووڵاتییەکی گوندەکە شەھید بوون و لە کاتی بەھانەوە چوون و راوەدوونانی تیرۆرستانیش، ژمارەیەک پێشمەرگەش شەھید و برینداربوون".
جووتیار عادل راشیگەیاندووە "ئێمە بە توندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشە ترسنۆکانە دەکەین و سەرەخۆشی لە کەسوکار و بنەماڵەی ئەو خەڵکە سڤیلە و شەھیدە قارەمانانەش دەکەین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە "بۆ رێگریکردن لە ھێرشە بەردەوامەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کورستان و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق ھاوئاھەنگی وکاری ھاوبەشی زیاتر لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بکات و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە و دەردەبڕێت لەو بوارەدا".