Zana Natık Kerem
18 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق دەستگیرکردنی سێ تیرۆریستی داعش کە ژمارەیەک تاوەرەی گواستنەوەی کارەبایان لە پارێزگای دیالە کردووەتە ئامانج، راگەیاند.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ھێزەکانی ئاژانسی ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کەسانی داواکراو، ھەروەھا ئەو کەسانەیشی کە یاریی بە ئاسایشی وڵاتەوە دەکەن، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە میانی چەند مانگی رابردوودا، تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا لە پارێزگای دیالە کراونە ئامانج و ھاتووە:
"ھێزەکانی ئاژانسی ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەربە وەزارەتی ناوخۆ لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، سێ تیرۆریستیان لە قەزای عوزێم باکووری پارێزگای دیالە دەستگیرکردووە."
بەپێی راگەیەندراوەکە، تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا، دانیان بەوە داناوە کە سەربە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشن و ژمارەیەک تاوەرەی گواستنەوەی کارەبایان لە پارێزگای دیالە تەقاندووەتەوە.
ئەوەیش خراوەتەڕوو کە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان، گیراونەتەبەر.